پێکهێنانی حکومەتی هەرێم لەنێوان: دانوستان وگەڕەکانیدا!
شەماڵ ئەحمەد
PM:04:12---22-01-2019
ئه‌م بابه‌ته 306 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زیاتر لەسێ مانگ تێپەڕێوە بەسەر ڕاگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێم پێک نەهێنراوە. ئەمە یەکەم جار نییە کە پێکهێنانی کابینەی حکومەت دوادەکەوێت، بۆیە جیگای خۆیەتی پرسیار لەوە بکریت کە کی بەرپرسە لەبەردەم پێکنەهینانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان؟ کی سوودمەندە لەو کەیسەدا؟ چۆن ئەو دۆخە تیپەڕینین؟
لەرووی مەنهەجییەوە، لەم وتارەدا ئەو گریمانەیە وەردەگرین کە دەڵیت "قبوڵنەکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەلایەن یەکیتی نیشتمانی کوردستانەوە هۆکاری سەرنەگرتنی دانوستانەکانی پیکهینانی حکومەتە" ئەمەش وامان لیدەکات کە سی بابەتی سەرەکی باس بکەین: یەکەم، جۆری حوکمرانیکردن لەهەریمی کوردستان، دووەم، هێز وپیگەی لایەنەسیاسییەکانی هەریم، سییەم، هەنگاو نان بەرەو چارەسەر.
 
یەکەم: جۆری حوکمرانیکردن لەهەرێمی کوردستان

مێژووی حوکمرانیکردن لەهەرێمی کوردستان وخویندنەوەیەکی مێژوویی سیاسیی بۆ قۆناغەکانی حکومەتی هەریم لەماوەی بیست وحوت سالی رابردوودا پێمان دەڵیت کەحکومەتی هەرێم حکومەتێکی هاوبەش بووە لەنیوان هێزە سیاسییەکان، بوونی هیزیک لەدەرەوەی حکومەت سەرەتای دەستپیکردنی ناسەقامگیری سیاسی بووە لەهەریمدا، ئاوتکردنی لایەنیکی سیاسیش بەهەمانشیوە هۆکاری بووە، ئەم فۆرمە لە حوکمکردن لەماوەی بیست وحوت سالی رابردوودا گۆرانکاری بەسەردا نەهاتووە، کلتوری سیاسی هەرێمیش بەردەوامی ئەو شێوازەی حوکمکردن دەخوازێت، سادەترین تێگەیشتن لەم جۆرە حوکمڕانیکردنە بریتییە لەبەشداریکردنی لایەنەکان بەپێی ئەو دەنگانەی بەدەستیان هێناوە لە جومگەکانی دەسەڵاتدا، ئەم تێگەیشتنە بۆ وڵاتێکی تێپەڕبوو بەقۆناغەکانی دیموکراسیبووندای وەک سویسرا، گونجاوە، بۆیە چەندین پارتی سیاسیی جێگۆڕکێ دەکات لەناو جومگەکانی دەسەڵات، لەگەڵ ئەوەی ئەو پارتانە بەشێوەیەک ڕەنگدانەوەی پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگای سویسران لەڕووی ئیتنی وزمانەوانی وڕەوتی سیاسییەوە، بەڵام کۆمەڵگای کوردی هەرێمی کوردستان خاوەن کلتورێکی تایبەتە، ئەو کلتورەی کەدەتوانرێت ناوبنرێت بەکلتوری ڕۆژهەڵاتی، پێوەری پێوانەکردنی هێز وهەژمونی لایەنە سیاسییەکان لەهەرێمی کوردستان تەنیا بریتی نییە لە ژمارە، نمونەیەکی زۆر سادە لێرەدا ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی هەرێمە، بەپێی ئەنجامەکان پارتی دیموکراتی کوردستان دەتوانێت حکومەت پێک بهێنێت، کەواتە پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، بۆ دانوستان دەکات لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان؟ لە لایەکی دیکەوە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هێزێکی سیاسی پێشکەوتوو، پێشڕەو لەبوارەکانی دیموکراسیدا، بەپێی دەرئەنجامەکان نزیکەی یەک بۆ چواری کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەست هێناوە، بەهەمان شێوە بزتنەوەی گۆڕان تەنیا یەک بۆ دە بەشی کورسییەکانی بەدەست هێناوە، بەڵام ئامادەی دانوستانن سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم؟
 
یەکیک لەپایە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی ئەم جۆرە لە حوکمرانیکردن بریتییە لە هەژمارکردنی هیز وتوانای هیزە سیاسیەکان بە شیوەیەکی یەکسان، ئێمە زۆر جار لەکاتیکدا کەباس لەپەیوەندییەکانی نیوان هەریم و حکومەتی ناوەند دەکەین، دوو کۆڵەکەی سەرەکی دەست نیشان دەکەین بۆ سەرکەوتن وبەردەوامی ئەو پەیوەندییە کە بریتیین لە بەشداریکردنی راستەقینە وهاوسەنگی لەنیوان هەردوولادا، ئەگەر ئەم بابەتە بۆ عیراق راست بیت بەهەمان شیوە بۆ هەریمی کوردستانیش راستە، چونکە بەهەموو پیوەریک کورد لە عێراقدا خاوەنی نزیکەی یەک لەسەر پینجی کورسییەکانی پەرلەمانی عیراقە، بەڵام ئیمە داوای یەکسانی تەواو دەکەین لەڕیگای هاوسەنگی وبەشداری ئیمە لەگەل لایەنەکانی دیکەی هیزەکانی عێراق، ئەگەر ژمارە لەعیراق پێوەری هێز وهەژمونی هەریم نەبیت، لەکوردستانیشدا ژمارە پیوەری هیز وهەژمونی لایەنەکان نییە.
 
کەواتە پیکنەهینانی کابینەی نوێی حکومەتی هەریمی کوردستان دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی کە لایەنە سیاسییەکان تێروانینی جیاوازیان هەیە سەبارەت بەدابەشکاری ناو جومگەکانی دەسەلات، هەروەها پیوانەی جیاوازیشیان هەیە، ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان بەپیوانەی ژمارە لایەنەسیاسییەکان بخوینیتەوە، دووفاقییەکی سیاسییە لەنیوان هەریم وناوەنددا، وەک چۆن لەوێ ژمارە تاکە پیوەر نییە، لێرەش بەهەمانشیوە نابیت ژمارە تاکە پیوەر بێت، بەو پییەش گفتوگۆکانی پیکهینانی حکومەت، لەدانوستانەوە دەبیت بەگەڕکردن بە پێوانەکان، ئەو پیوانانەی کە خۆیان باوەڕیان پییەتی.
 
دووەم: هیز وپیگەی لایەنە سیاسییەکانی هەریم

لەخالی یەکەمی ئەم وتارەماندا باسمان لەوە کرد کەژمارە پیوانەیەکی راستەقینە نییە بۆ پیوانەکردنی هیزی و پیگەی لایەنە سیاسییەکان، چونکە ژمارە ئەگەر دروست بیت لەکاری ژمێرکاریدا، ئەوا لە بواری پەیوەندییە مرۆییەکاندا ئامانجەکانی خۆی ناپێکیت، مرۆڤەکان بەشێوەیەکی جیاواز دەرواننە چالاکییەکانیان، ئەمەش لەهەریمی کوردستاندا زۆر بەڕوونی دەردەکەوێت، بۆ سەلماندنی ئەم بابەتە نمونەیەکی واقعی دەهێنینەوە، بەراوردێکی سەرپێیانە لە نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەردوو بواری جیاوازی و لێکچونەوە تەنیا لەیەک خاڵدا جیاوازن ئەویش بریتییە لە ژمارەی ئەندامە پەرلەمانتارەکانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وهەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرکەوتوو بوو لە بەدەست هێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری لە بەغداد بەهۆی ئەو لۆبیکرنەی کەتوانی لەناو پەرلەمانی عێراقدا دروستی بکات بۆ کاندیدەکەی خۆی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان توانی کە هاوکێشەی سیاسی ناو پەرلەمانی عێراق بگۆڕێت، یەکلایکردنەوەی ئەو پۆستە بەبێ ڕێککەوتنی نێوان هێزەکوردییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق، مانی ئەوەیە کەیەکێتی نیشتمانی کوردستان دەتوانێت بەدەر لەو هێزە کوردییانە دەتوانێت دەستکەوتەکانی خۆی بپارێزێت، کەلەکۆتاییدا دەستکەوتن بۆ گەلی کوردستان، ئەمە بزوتنەوەی گۆڕان ناتوانێت ئەنجامی بدات، لەڕووی واقعییەوە ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کەهێز وپێگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا کەبە قۆناغێکی سەختدا تێپەڕیوە توانیویەتی پارێزگاری بە پێگە وهێزی خۆیەوە بکات، ئەم ڕاستییە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە زانراوە، ئەوان باش دەزانن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ بوونی یەکێتی نیشتمانی کوردستان نەوەکو سەرکەوتوو نابێت بەڵکو حکومەتێکە کەدروست نابێت، هەر هەوڵدانێک بۆ ئاوتکردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەمانای هەوڵدانە بۆ گەڕانەوەی دوو ئیدارەیی. ئەوەش پرسێکە کە هیچ کام لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان وپارتی دیموکراتی کوردستان لێی سوودمەند نابن.
 
سێیەم: هەنگاو نان بەرەو چارەسەر

هەوڵەکانی هەردوو پارتی سەرەکی هەرێم، بەردەوامی گفتوگۆکانیان، فشاری لایەنە دەرەکییەکان، ڕووداوە چاوەڕوانکراوەکانی ناوچەکە، فاکتەرن بۆ سەرکەوتنی دانوستانەکانی نێوان هەردوو لا سەبارەت بە هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت، بەڵام تەنیا بڕێنی ئەم قۆناغە مانای سەرکەوتن نییە.

گەر لایەنەکان بیانەوێت بیر لە قۆناغی داهاتوو بکەنەوە، پێویستە لەوە دەست پێبکەن کەخاڵە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو لایان بدۆزنەوە، بەواتایەکی دیکە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەسەر پرسە هەستیارەکانی نێوان هەردوولا، لەم بوارەدا یەکێتی وپارتی ئەزمونێکی کەم وێنەیان هەبوو، ڕێککەوتنی ستراتیژی نیوانیان پرسی ڕێککەوتن بوو لەسەر دۆسیەکانی هەرێم وناوەند، پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتنە لە پڕۆسەی بەربژێری سەرۆک کۆمارەوە دەستی پێکرد، ئەوەی پێویستە کەئێستا بکرێت ڕێککەوتنێکی نوێ یە، بەجۆرێک کەیەکسانی بەهەردوو فاکتەری (هاوسەنگی وبەشداری ڕاستەقینە) لەنێوان هەردوولادا پارێزراو بێت.
 
لەکۆتاییدا ئەم قۆناغەی هەرێمی کوردستان تەنیا بە یەکیتی نیشتمانی کوردستان وپارتی دیموکراتی کوردستان دەکریت تێبپەڕیت، بوونی کاریکی هاوبەش لەنیوان هەردوولایاندا بەوە دەست پیدەکات کەمتمانەی تەواوەتی لەنیوان یەکیتی وپارتی لەسەر بنەمای دروست بونیاد بکریتەوە.







زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە