یەکێتى وپارتى، دواى بەریەککەوتن
شەماڵ ئەحمەد
PM:04:05---19-02-2019
ئه‌م بابه‌ته 392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
ماوەیەک لەمەپێش وتارێکمان لە هەردوو سایتی چاوی کورد وژیان بڵاو کردەوە بە ناونیشانی"یەکێتی وپارتی، بەرەو ڕێککەوتن یان بەریەککەوتن"، ئومێدمان ڕێککەوتن بوو، بەڵام مەخابن لە بابەت وکاتێکی هەستیاردا بەریەککەوتن، بەلای ئێمەوە، ئەوەش بارودۆخێکی ئاساییە، دوو هێزی سیاسی کە ئەزمونی نزیکەی سی ساڵ پێکەوە کارکردن وململانێ وسیاسەتیان هەیە، ناکرێت لەهەموو دۆخێکدا هاوڕا بن، ئاساییە کە بۆچوونیان، هەڵوێستیان، بڕیاریان جیاوازبێت، ئەوەش نیشانەی سەربەخۆییانە.

کرۆکی کێشەکان هەر لەوەدایە، کە ئەم دوو حیزبە ئیدی کاتی ئەوە هاتووە کە بڕوا بەوە بهێنن کە فۆرمی حوکمڕانیکردنیان بەو شێوەیەی کە پێشتر پەیڕەویان کردووە، هەڵەی جەوهەری تیادا بووە، ئێستاش پاش ئەوەی کە کۆبوونەوەی پەرلەمان کرا بەهەمان شێوە هەڵە بوو، چەند نمونەیەک دەهێنمەوە بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە:

یەکەم: دوای هەڵبژاردنی ٣٠ ی ئەیلول، حیزبەکان پێیان وابوو کە فۆرمی حوکمڕانی بنکە فراوان، بەو شێوازەی کە بزووتنەوەی گۆڕان وکۆمەڵ و یەکگرتوو لەگەڵ یەکێتی وپارتی لە کابیمەی هەشتەمی حکومەتدا بەدییان هێنا شێوازێکی ناتەندروستەو پێویستە لەم کابینەیەدا "نۆیەم" ئەو هەڵەیە دووبارە نەبێتەوە، ئەی ئێستا چی گوزەرا، حکومەتێک کە گۆڕان و کۆمەڵ وەک دوو هێزی سەرەکی "ئۆپۆزسیۆنی پێشوو" تیایدا بەشدار بن، کەلە داهاتوودا یەکێتی وپارتیش تیایدا بەشداردەبن، چ جۆرە حکومەتێکە ئەگەر حکومەتێکی بنکە فراوان نەبێت.

دووەم: بزووتنەوەی گۆڕان ئەزمونێکی تایبەتی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەیە، ئەو بزووتنەوەیە ماوەی دوو ساڵ دەرگای پەرلەمان ووەزارەتەکانی بەڕوودا داخرا، پاساوی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بڕیارەکانی لەو کاتەدا ئەوە بوو کە کوردستان و عێراق و ناوچەکە، پرسی سەربەخۆیی کوردستان، زۆر هەستیارترن لە هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، ئەو بۆچوونە ڕاست بوو، بەڵام گرەنتی بزووتنەوەی گۆڕان چییە کەبەهەمان دۆخدا تێنەپەڕێتەوە؟

سێیەم: لێدوانە جیاوازەکانی فراکسیۆنەکانی کۆمەڵ و یەکگرتوو، لەسەر شێوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی، بۆ نمونە کۆمەڵ پێی وابوو کە پێویستە هەوڵ بدرێت کە پەرلەمان لەژێر هەژمونی حیزبەکان دەربازبکرێت، بەڵام کە هەلەکەیان بۆ هەڵکەوت، نەیانتوانی ئەو هەلە بقۆزنەوە، بەڵام یەکگرتوو پێی وابوو کە پێویستە ڕێککەوتنی پێشوەختە بکرایە، ئەوانیش بەهۆی ناکۆکی نێوان باڵەکانی بادینان و سۆران نەیانتوانی ئەو ئامانجە بەدەست بهێنن.

ئەم نمونانە نیشانەی ئەوە بوون کە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان هاوهەڵوێست نەبوون لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان، ئایا بزووتنەوەی گۆڕان دووچاری هەڵەیەکی ستراتیژی گەورە بووە؟ ئەو دەستکەوتانەی کە بزووتنەوەی گۆڕان لەم مامەڵە سیاسییە دەستی کەوتووە بریتییە لە پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم و چەند وەزارەت و ڕاوێژکارێک لەناو ئەنجومەنی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی ....هتد، گرنگترینیان جێگری سەرۆکی هەرێمە، بەوەش گۆڕان دەبێتە خاوەنی هێزێکی سەربازی ودەستکەوتێکی ماددی کە دەستکراوەتری دەکات بەڵام لەبەرامبەر چیدا ئەمانەی پێدراوە؟ سنوری چالاکی بزووتنەوەی گۆڕان بریتییە لە شاری سلێمانی بە پلەی یەکەم، لەم ناوچەیەشدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان چالاکترە، ئەمەش ئەگەرەکانی بەریەککەوتن لەنێوان ئەو دوو هێزەدا زیاتر دەکات، بەمەش پارتی دیموکراتی کوردستان دوو دەستکەوتی سەرەکی دەبێت، ئەمەلە کاتێکدا ئەگەر یەکێتیش بەشداربێت لە حکومەتدا، یەکەم دەستکەوت ئەوەیە کە چیدی پارتی پێویستی بەوە نییە کە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ یەکێتیدا هەبێت، لایەنی سێیەم "بزووتنەوەی گۆڕان" بەو کارە هەڵدەستێت، دووەم دەستکەوت، بریتییە لەوەی کە ئەم دوو هێزە لەم ناوچە جوگرافییەدا ئەگەر ویست و ئارەزووی پارتیشی لەسەر نەبێت – کە گومانم لەوەدا نییە کە پارتی بەو شێوەیە بیر ناکاتەوە- ئەم دوانە هەر بەیەکدا دەدەن، چونکە یەکێک لە تێگەیشتنە مەنهەجییەکان بۆ خاوەندارێتی هێز بەکارهێنانیەتی.

پاش بەریەککەوتن چۆن ئەو دۆخە تێپەڕێت؟ ئەم دۆخە پێویستی بە هێمنی و ئارامی هەیە، هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دوو هێزی سەرەکی و کاریگەرن لە کوردستاندا، ئەو پڕۆسەیەی کە تیایدا یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان تەواوکرا پڕۆسەی ئاوتکردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان نەبوو، بەڵکو پڕۆسەی دیاریکردنی سنوری هەژمونگرای هەردوو ئەو حیزبەبوو، پڕۆسەی دیاریکردنی پێشینەو خەمی یەکێتی وپارتی بوو، ئەوەشی دەرخست کە هەردوو لا هەمان پەرۆشییان هەیە، بەڵام بەدوو تێڕوانینی جیاواز، ڕێزبەندیکردن و پلەبەندیکردنی گرنگ بۆ گرنگتر، بۆیە ئاساییە کە گۆڕانکاری لەو ڕێزبەندییە ئەنجام بدرێت، هەردوولا ڕێککەوتنێکی گشتگیرتر ئەنجام بدەن.






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە