بەر لە 18 مانگ
سەرتیپ جەوهەر
AM:11:43---13-02-2019
ئه‌م بابه‌ته 453 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
دەستنیشانكردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك یان هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی كێشە چارەسەرنەكراوەكان نییە، بەڵكو گرفتی بەردەم رێككەوتنی یەكێتی نیشتیمانی و پارتی لەوە واوەترە، پەیوەندی بەئیدارەدانی هەرێم و پرسی شەراكەتی راستەقینە لەحوكمڕانیی و داڕشتنی بنەمایەكی نوێیە بۆ چۆنیەتی بەیەكەوە كاركردن.

پێویستە بۆ بەر لەكۆبونەوەی 18ی مانگ پرۆژەیەكی هاوبەش لەلایەن هەردولاوە ئامادەبێت بۆئەوەی ببێتە رێككەوتنێكی سیاسی نوێ‌ لانیكەم بۆماوەی 4 ساڵی داهاتوو، ئەو رێككەوتنە وردەكاریی چۆنییەتی بەیەكەوە كاركردن و شێوەی كاركردنی كابینەی نوێی حكومەت و وردەكاریی زنجیرەیەك دۆسییەی حكومەتی هەرێم و كەركوك و بەغدای لەخۆ گرتبێت.

واتە بەرلەو وادەیەی دانراوە، پێویستە پرسی دانانی پارێزگاری كەركوك یەكلایی كرابێتەوەو رێوشوێنی دەستنیشانكردن یان هەڵبژاردنی لەلایەن لیستی برایەتی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رونكرابێتەوە.

سەبارەت بەهەرێمی كوردستان ژمارەیەك پرس و بابەتی كەڵەكەبوی چەند ساڵەی حوكمڕانی و پەیوەندی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی پێویستە یەكلایی بكرێتەوەو بخرێتە سەر كاغەز بۆئەوەی لەلایەن هەردولاوە ئیمزای لەسەر بكرێت، سەرەنجام ببێتە بنەمای بەیەكەوە كاركردنی داهاتوو، هەروەها پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.

دیارترین ئەو پرسانەی نێوان هەردولا بریتیە لەپرسی ئیدارەدانی ئابوری هەرێمی كوردستان و ئاگاداربونی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەناو حكومەتی هەرێم لە فرۆشتنی نەوت و شێوەی خەرجكردنی پارەو وردەكارییەكانی دیكە. رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی هەرێم چ وەك فەرمانگەی پەیوەندییەكان، چ وەك پەیوەندییەكانی هەرێم، بەیەكەوە بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنوسسازەكانی پەیوەندیدار بەهەرێمی كوردستان. هاوكات پرسی پێدان و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتی زیاتر بە دەسەڵاتە خۆجێییەكان، پارێزگاكان، تا بتوانن بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران یان وەزارەتەكان ئیشوكارەكانیان رایی بكەن، بەتایبەت لەخەرجكردنی دارایی و بڕیاردانی ئابوریی و پرسە ئیدارییەكانی دیكە. لەلایەكی دیكە پرسی بەهێزكردنی دامەزراوە دەستورییەكانی حوكمڕانیی باسێكی دیكەیەو داوادەكرێت هەردولا پشتیوانی لە دامەزراوەكانی حوكمڕانی بكەن، بۆنمونە دامەزراوەی دادوەریی كە هەم بەتەواوی لاسەنگ بووە بەهۆی دەستێوەردانی سیاسی و هەمیش پێویستە چاكبكرێت و ئینجا پشتیوانی بكرێت. هەروەك پرسی یەكخستن و ئیدارەدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان باسێكی دیكەیەو پێویستە رێككەوتنی لەبارەوە بكرێت.

پێویستە بەرلە 18 مانگ رێككەوتنی سیاسی روون لەنێوان یەكێتی نیشتیمانی و پارتی یەكلابوبێتەوە، تا بتوانرێت دەستنیشانكردنی پارێزگاری نوێی كەركوك لە (یەكێتی نیشتیمانیی) و پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی هەنگاوی عەمەلی بنێت، ئەگەر رێككەوتنەكە ئامادەنەبێت كۆبونەوەكەی 18 مانگیش ئاسان نابێت، چونكە ئەسڵی كیشەكان بریتیە نییە دابەشكاریی پلەو پۆست و جومگەكانی حكومەت، بەڵكو پرسەكە گێڕانەوەی هاوسەنگییە بۆ حوكمڕانیی كوردستان كە ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی هەژمونی تاك حزبیی بەتەواوی لاسەنگ بووەو حكومەت و حكومڕانی سیمای نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستانی پێوە دیار نەماوەو یەك رەنگی وەرگرتوە.






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە