كێ‌ خاوەنی كەركوكە؟!
سەرتیپ جەوهەر
PM:12:55---18-02-2019
ئه‌م بابه‌ته 276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

مشتومڕی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و مەرجی یەكێتی نیشتیمانی كورستان بۆ چارەسەركردنی بەشێك لەكێشەكانی كەركوك و دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە، پرسیاری زۆری لای خەڵكی كەركوك و كوردستان دروستكرد، هاوكات لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیشی خستە بەردەم پرسیار!
هەندێ راستی هەیە روون نابێتەوە تەنها لەبەردەم واقعێكی تایبەت نەبێت. كاتێك مەلیك عەبدوڵلای سعودیە مرد، هەموو تەلفزیۆنەكانی MBC و موزیكاو رۆتانا هەمویان كردیان بە شین و رۆڕۆ بۆ مەلیك، ئینجا زانرا كام تەلفزیۆنە هی بنەماڵەی ئال سعودە! لە 2015 كاتێك رێژەی قانونی لەپەرلەمانی كوردستان بۆ هەمواری چەند بڕگەو بابەتێكی پرۆژەی دەستوری هەرێم تەواو نەبوو، كەچی پارتی دەرگای پەرلەمانی داخست! تێگەیشتین ئەو دیموكراسییەی كوردستان بای ئەوەناكات لەسەر كاغەزیش بەخەتێكی تۆخ بنوسرێت، چونكە دوو پۆلیسی بەر دەرگای پەرلەمان دەتوانن رێگا لەسەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكان بگرن!
لەپرسی كەركوكیش بەهەمانشێوە، ئەو هەموو دروشم و موزایەدەكردنە بەسەر كەركوك و كوردستانی بوونی شارەكەو خەبات و تێكۆشانی كوردایەتی، كەچی ئێستا جگە لەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان نەك كەس باسی كەركوك ناكات، بگرە لایەنی سیاسی هەیە بەروونی رێگرە لەبەردەم هەوڵی ئاساییكردنەوەی كەركوك و دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە!
لەدوای روداوەكانی ریفراندۆم، جگە لەیەكێتی كە هەم لەكەركوك مایەوەو هەمیش لەبانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیرا ق لە 2018 بەتەنها لەبانگەشەی هەڵبژاردن لەكەركوك مایەوەو كۆبونەوەی جەماوەریی گەورەی رێكخست و بەئاڵای كوردستان و بەدەنگێكی بەرز خەڵكی یەكێتی هاواری كرد یان كەركوك یان نەمان! ئەوكاتەش دەركەوت لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان هیچ ئەجێندایەكیان بۆ كەركوك نییە، تەنانەت دوای دەرچونی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و چونە پەرلەمانیشیان، تائێستا شتێكیان لەبارەی كەركوك پێشكەش نەكردووە، بگرە دەستپێشخەریەكیشیان نەكردووە بۆ باشتركردنی رەوشی كەركوك كە بەبارودۆخێكی نائاسایی تێدەپەڕیی! یان دەستپێشخەریەك بۆ كۆدەنگی نیشتیمانیی بۆ لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان بكەن! تەنانەت ئەو لایەنەی كە هەڵگری پرۆژەی ریفراندۆم و دروشمی سەربەخۆیی بوو، لەبانگەشەی ریفراندۆم شەقامەكانی بەئاڵای كوردستان دەگرت، خێرا وەرگەڕاو لەبری دانانی مەرجی پێشوەختەی ئاسایی كردنەوەی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان، بۆ بەشداریكردن لەكابینەی نوێی حكومەتی عیراق، خەمیان وەدەستخستنی پۆست و وەزیفەی زیاتربوو لای سەرۆك وەزیران و كابینەی نوێ لەبەغدا؟!
ئێستا ئەم ململانێ و مشتومڕە چڕەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و تەنها پێداگریكرنی یەكێتی لەسەر كەركوك و دانانی پارێزگارێكی كورد، لایەنەكانی خستەبەردەم تێگەیشتنێكی خراپ كە هیچیان خەمی كەركوكیان نییە، بۆیە هیچ كام لەو لایەنانە تەنانەت لە میدیاكانیشیانەوە باسی پرسی كەركوكیان نەكردووە! رەنگە خەڵكی كەركوك پرسیارێك بكەن، بڵێن ئەرێ‌ ئەو هەموو حزب و لایەنەی سیاسیەی كورد لە كەركوك جاران ئەو هەموو موزایەدەتان بەسەر خەڵكەوە دەكرد، ئێستا لەكوێن؟ ئەی بۆ كاتێك رۆژانە 270 هەزار بەرمیل نەوتیان لە بیرەنەوتەكانی بای حەسەن و هاڤانا دەردەكردو دەیانفرۆشت، ئەوەندە كورستانی بوون و كەچی ئێستا نەوتەكە نەماوە ئامادەنین لانیكەم رەوشی كەركوك ئاسایی بكەنەوەو دوو قسەی خێر لەبەغدا لەسەر كەركوك بكەن؟!
سەرەنجام دەركەوت ئەو دروشمانەی چەند ساڵە بەر گوێمان دەكەوت و لادیوارەكانیان پێ‌ بۆیاخ دەكردو بەگەورەیی لەسەر شاشەی تەلفزیۆنەكان دەیاننوسی، راست نەبوون، دەركەوت ئەوان كەركوكیان بۆ نەوت ویست نەك خاكەكەیـ خەڵكی كەركوكیان لەتەنگانە جێهێشت و ئاوڕێكیان لێنەدانەوە، كەوایە ئەگەر بۆ نەڵێین جگە لەیەكێتی موڵكی هیچ حزبێكی دیكە نییە، هەقیش نییە كەسی دیكە قسەی لێبكات.






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە