ڕۆشنبیر و خزمەتكردنی سیستەم
لەشکر قادر ڕەسوڵ
PM:05:07---22-01-2019
ئه‌م بابه‌ته 658 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

لەزۆربەی كۆمەڵگەكانی دونیادا گرنگیەكی زۆر بە تێز و تیۆر و نوسینەكانی ڕۆشنبیر دەدرێت، بەهۆی ئەوەی كەسی ڕۆشنبیر ئەو بیرو بۆچونانەی دەری دەبڕێت نزیكترن لە حەقیقەت، یاخود دەكرێ ئایدۆلۆژیا نەبن. سروشت و تایبەتمەندی پێگە مەعریفیەكەی ڕۆڵێكی گرنگی پێدەدات بۆ بەشداریكردنی لە سیستەمی كۆمەڵایەتی و كولتووری و پڕۆسەی سیاسی. 

ئەركی ڕۆشنبیر توێژینەوە و نوسین و بەرھەمھێنانی مەعریفەیەكی تیۆری-بابەتیە لەسەر واقیع، بەمانای تیۆریزەكردنی واقیع. ھەروەھا ئەركی ڕۆشنبیر بیركردنەوە و دروستكردنی گومان و پرسیاری قوڵە لەسەر واقیع، لەھەمانكاتدا بیركردنەوەیە لەدەرەوەی عەقڵیەتی گشتی و تێگەشتنی گشتیەوە. یان دەتوانرێ بگوترێ كاری ڕۆشنبیر پەردەھەڵماڵین و قسەكردنە لەسەر نەگوتراوەكان، شیكار و خوێندنەوەكانی ناكەونە ژێر كاریگەری سایكۆلۆژیای جەماوەر و ئاپۆڕا.

 ستراتیژ و بیركردنەوە و بەرھەمھێنانی مەعریفەی ڕۆشنبیر نابێ لەژیر ڕۆحێكی دیسپلینكراو و چەپێنراودا بێ. لەم نیگایەوە ڕۆڵی ئەم پێكھاتەیە لەئاراستەكردنی كۆمەڵگە و سیستەم دەردەكەوێ و كاریگەری ئیجابی بەسەر گۆڕانی كۆمەڵایەتی و كولتووری و سیاسیەوە دەبێت و تێگەشتنێكی نوێ لای ھاوڵاتیان دروست دەكات. دەشێ ئەو بەشداری و بەرهەمهێنانی مەعریفەیە لەداهاتوودا لەكولتووری خودی و لۆكاڵیەوە بگۆڕێ بۆ كلتورێكی بابەتی و یونیڤێرساڵی.

لەكۆمەڵگەی كوردیدا، لەپێش ڕاپەڕینەوە كێڵگەی ڕۆشنبیری بەتەواوی لەلایەن پارتە سیاسیەكان مۆنۆپۆڵ و كۆنتڕۆڵ كرابوو، بەجۆرێك نوخبەی ڕۆشنبیر ڕاستەوخۆ لەناو فەزای بزوتنەوە سیاسیەكاندا لەپاڵ نوخبەی سیاسی خۆی دەبینیەوە. هەرچەندە لەدوای ڕاپەڕینەوە ئەم ئاراستەیە بە ئەندازەیەكی زۆر نەگۆڕاوەی هەمان میكانیزمی كاركردن دەبینین كە نوخبەی ڕۆشنبیر دەبەستێتەوە بە دونیای سیاسی ئێمەوە. لەكاتێكدا ڕۆشنبیر پێویستە خۆی لە لایەنداری هەموو ئایدۆلۆژیایەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی بپارێزێ و لەدەرەوەی بزوتنەوە سیاسیەكان خەریكی ئەرك و ئینتاجی فیكری و مەعریفیی خۆی بێ. ئەزموونی سیاسی پێمان دەڵێ مێژووی سیاسی ئێمە مێژوویەكە لەبەكارهێنانی ڕۆشنبیران و بەلاڕێدابرنی ھوشیاری كۆمەڵایەتی هاوڵاتیان. ھەتا ئەو بارودۆخی ھەنووكەی ھەرێمی كوردستان نوخبەی روناكبیر و نوخبەی سیاسی ھاریكاری یەكتربوون بۆ خوڵقاندنی ئەم دۆخە.  بەومانایەی چۆن نوخبەی سیاسی بەئەركی خۆی ھەڵنەستاوە بەھەمان شێوە نوخبەی ڕۆشنبیریش نەیتوانیوە بەئەركی خۆی ھەستی. دەرئەنجامی ئەمە خوڵقاندنی دۆخێكی لەم چەشنەیە و ئەم ئێستایە بەرھەمدێنێ.

لێرەدا لەناو "سێ" پانتایی گرنگ ئەركی ڕۆشنبیر لەپەیوەندیدا بەدونیای خۆمان دەخەمەڕوو:

١: كایەی كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیر: لەئاستی كۆمەڵایەتیدا دەیان توێژینەوەی زانستی لەبواری كۆمەڵناسی (Sociology) لەسەر ڕۆشنبیران هەیە، لەبەر ئەوەی كەسی ڕۆشنبیر لە پەراوێزی پاڵنەرە كۆمەڵایەتیەكان و ژینگە كۆمەڵایەتیەكەیدا دەژیت و پاڵنەرە كۆمەڵایەتیەكانی زۆر لاوازن، پێگە كۆمەڵایەتیەكەی پێگەیەكی زۆر (نا- دینامیك)یە، كەسی ڕۆشنبیر پێگەكەی زۆر یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی لە واقیع وەك خۆی تێبگات. 
ئینسانی ڕۆشنبیر كاریگەری مانا كۆمەڵایەتیەكان، وە ململانێكانی ناو ژینگە كۆمەڵایەتیەكەی لەسەر نیە. پێگەكەی یارمەتیدەرە كەمتر هۆشیاری ساختە (False Consciousness) لە پەیوەندیدا بەواقیعەوە بەرهەم بھێنێت. ئەگەر بەم پێوەرە كۆمەڵایەتیانە بڕوانینە ڕۆشنبیر لە كۆمەڵگەی كوردیدا دەبینین كەمترین كات لەپەراوێزی پاڵنەرە كۆمەڵایەتیەكان مەعریفەیان بەرھەمھێناوە، بەڵكو نوخبەی ڕۆشنبیر بەھاوكاری ئایدۆلۆژیای سیاسی كاریگەری خراپی ھەبووە لەسەر بەلاڕیدابردنی هۆشیاری كۆمەڵایەتی لای ئینسانی دونیای ئێمە.

٢: كایەی سیاسی و ڕۆشنبیر: لەناو پانتایی سیاسیدا ئەركی ڕۆشنبیرە كە ئاسۆی بیركردنەوەی بزوتنەوە سیاسیەكان فراوانتربكات و بیركردنەوەی نوێی پێ ببەخشێ، زۆرجار ڕوناكبیرانی دونیای ئێمە دەكەونە ژێر كاریگەری ئایدۆلۆژیای هێزێكی سیاسی دیاریكراو یاخود دەكەونە ژێر كاریگەری سایكۆلۆژیای جەماوەر و ئاپۆڕاوە. لەپشت ئەمەوە ڕوناكبیر وەزیفەی خۆی وون دەكات كە پرسیار و گومان و بیركردنەوەی بەردەوامە. پرسیارەكانی سەبارەت بە واقیع و ژیانی سیاسی وون دەكات و زۆرجار ناتوانێ خۆی لەكەسێك ئاسایی یاخود كەسێكی سیاسی لەناو بزوتنەوە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكان جیا بكاتەوە. ئەركی روناكبیرە كە كاربكات بۆ گۆڕینی تێڕوانینی ئینسانی ئیمە بۆ ژیان و ژینگەی سیاسی.

٣: كایەی كولتوور و كارەكتەری ڕۆشنبیر: ئەركی ڕۆشنبیر ئاراستەكردی فیكرو بیركردنەوەی تاكە نەك بەرزكردنەوەی سایكۆلۆژیای جەماوەر لەسەر بنەمای سیاسی و عاتیفی. زۆر جار بونیادی كاری ڕوناكبیرانی دونیای ئێمە ناتوانێ لەفەزای سیاسیەوە بگوازێتەوە بۆ فەزای كولتووری. ڕوناكبیر بۆ دروستكردنی گۆڕانێكی ڕادیكاڵی دەبێ پانتی سیاسی تێپەڕێنێت و كارباكات بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ سیستەم و ڕیشە كولتوورییەكان. تاكو ئێستا ڕوناكبیرانی دونیای ئێمە لەسەر گۆڕینی بونیادی كولتووری كاریان نەكردووە. ئەمە لەكاتێكدائێمە پێش ئەوەی بونیادێكی سیاسی خراپمان هەبێ بونیادێكی كولتووری خراپمان هەیە كە مێنتەڵێتی خێڵ و ئاین و سیاسەت و.....ھتد ڕۆڵی هەبووە لەدروستبوونی ئەم كولتوورە. بەبێ بیركردنەوە لەناو كایەی كولتوور و دروستكردنی گومان و پرسیاری قوڵ لەسەری، ئێمە ناتوانین ئەو مۆدێلەی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیمان تێپەڕێنین.






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە