رۆژئاڤا و رژێمی ئەسەد رێکدەکەون؟
کەمال چۆمانی
PM:05:14---28-07-2018
ئه‌م بابه‌ته 949 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

٢٧ی تەموز قۆناغێکی نوێ لە سوریا و باکوری سوریا دەستیپێکرد بە کردنەوەی دەرگای گفتوگۆی رەسمیی لەنێوان ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک و رژێمی سوریا. وەفدی ئەنجومەن بە سەرکردایەتیی ئیلهام ئەحمەد کە تێیدا عەڕەب و سریانیش هەبون، لەگەڵ حکومەتی سوریا لە دیمەشق دانیشتن. ئەوەی زۆر گرنگە، هەردولا رێککەوتون لەسەر "پێکهێنانی لیژنە بۆ پێشڤەبردنی گفتوگۆکان و دانوستان لەسەر بنەمای سوریایەکی لامەرکەزیی دیموکراتیک." ئەو سوریای لامەرکەزیی دیموکراتیکە لای هەردولا هەڵگری مانای جیاوازە، بەڵام ئەوە قۆناغی یەکەمی لێکتێگەیشتنە. ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک وەک سەرەتا زیاتر تەرکیزی لەسەر گێڕانەوەی خزمەتگوزارییەکانی رژێمە، رژێمیش دەیەوێت دەستەڵاتی خۆی بۆ خاڵەکانی سنور بگێڕێتەوە. 

بەر لە سەردانەکە، وەفدی کوردیی لەگەڵ برت مەگکێرک دانیشتون، ئەویش پێی باش بوە. 

داهاتوی سوریا ئاسان یەکلاناکرێتەوە، رژێمی سوریا و ئیدارەی باکوری سوریاش لەوە تێگەیشتون کە دەبێت بگەنە رێککەوتن. هەردولا پێویستییان بە یەکترە. رژێم لەژێر فشاری روسیا دایە، روسیاش لەژێر فشاری ئەمریکا. رژێم ناتوانێت بە شەڕ دەستەڵاتی خۆی بۆ ناوچەکانی باکوری سوریا بگێڕێتەوە، رودانی هەر شەڕێک دەرگای شەڕی تر دەکاتەوە. ئیدارەی باکوری سوریاش -کورد و عەڕەب و سریان و نەتەوە و ئاینزاکانی تر- دەیانەوێت دوای سەرکەوتنیان بەسەر داعشدا، دڵنیا بن وڵات سەقامگیر دەبێت چونکە هەڕەشەکانی تورکیا بەردەوامن، ئەمریکا پلانەکەی زۆر رون نییە، روسیا و ئێران ئەگەر پشتیوانیی رژێم بکەن دژ بە ئیدارەی باکوری سوریا دۆخەکە دژوار دەبێت. باکوری سوریا پێویستی بە گێڕانەوەی خزمەتگوزارییەکان و ئاوەدانکردنەوە و قوتابخانە و نەخۆشخانە و بودجەیە. 

بە کورتی، هەردولا پێویستیان بە یەکترە و دۆخەکە وا دەخوازێت بگەنە رێککەوتن. دوژمنە هاوبەشەکانیان کە تورکیا و هێزە چەکدارە تیرۆریستەکانی داعش و پڕۆکسییەکانی تورکیان، هەڕەشەی جدیی دەبن لەسەریان ئەگەر نەکەونە رێککەوتن. لەنێوان رژێمی ئەسەد و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک شەڕ و پێکدادانی زۆر دروستنەبونە تا نەتوانن لەسەر داهاتویەکی هاوبەش پێکبێن. بە هۆی نیگەرانییەکانی تورکیاوە، ئیدارەی باکوری سوریا بەتەواوی لە گفتوگۆکانی ئاشتیی یوئێن بێبەش بوە، بۆیە رێککەوتن لەگەڵ ئەسەد، هەرچەندە تاڵ بێت، بەڵام باشترین چارەسەرە چونکە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی وازی لە گۆڕینی ئەسەد هێناوە و ئێستا ئەسەد بەهێز بوە. 

کێشەی قوڵ لەنێوانرژێم و ئیدارەی باکوری سوریا هەن، بەتایبەت لەسەر داهاتوی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و ئاساییش، بەڵام باکوری سوریا یا وەک ئێمە راهاتوین بڵێین رۆژئاڤای کوردستان خاوەن سیستەمێکی ئیداریی ئەوتۆیە کە بتوانێت لەگەڵ ئەو قۆناغە خۆی بگونجێنێت چونکە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک باسی خۆبەڕێوەبەرییە نەک فیدراڵیی. لەو چوارچێوەیەدا، ئەگەر گفتوگۆکان بگەنە رێککەوتنێکی هاوبەش، وەک ساڵح موسلیمیش گوتویەتی کە داوای گارەنتیی نێودەوڵەتیی دەکەن بۆ گفتوگۆکان، ئەوا باکوری سوریا و رۆژئاڤای کوردستان پێدەنێنە قۆناغێکی نوێوە کە تێیدا دەتوانن داهاتویەکی نوێ بنیات بنێن.





سەردەمی شازادەكان لە هەرێمی كوردستان
رۆژئاڤا و رژێمی ئەسەد رێکدەکەون؟
پرسی ئاشتیی لە تورکیا؛ لەگەڵ جەهەپە یان ئەکەپە؟
سڵاو لە ساڵح موسلیم و جانتا سورەكەی
ململانێی سعودیە و ئێران لەسەر چییە؟
ئەو گوتارە دژە ئەمریکاییە رابگرن
ئەمریکا چی بۆ هەرێم کردوە و چی لێ دەوێت؟
دەتوانن دڵی برینداری سلێمانیی ساڕێژ بکەن؟
ناپرۆفێشناڵی دیپلۆماسی کوردیی
لەسەردانەکەی مەسعود بارزانییدا
حەماسەتی نەتەوەیی لە دیداری سولەیمانیی دا
بۆچی یەکێتی خۆپیشاندان بۆ پەکەکە قبوڵناکا؟

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە