جێنشینی نوێ لە نێوان مەسروریی و مەحزونییدا
ئەحمەد میرە
PM:01:45---16-12-2018
ئه‌م بابه‌ته 7318 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

هیچ کەسێک هێندەی مەسعوود بارزانیی دڵی بە کابینەی نۆهەمی حکومەتی هەرێم خۆش نیە، چونکە بەم بەردە بارزانیی چەند نیشانەیەکی پێکا. 
یەکهەمیان میراتگری ڕاستەقینەی تەختی بەڕێوەبردنی داهاتووی پارتیی و بنەماڵەی بارزانیی دیاریکرد.
دوهەمیان بەشێوەیەکی کاتیی پینەی ململانێی توندی نێوان کوڕو برازاکەی کرد.
سێهەمیان لە ڕێگای دیاریکردنی مەسروری کوڕیەوە تا ڕادەیەکی زۆر توانیی نەیارە بەهێزەکانی لە ناو یەکێتیی و بزوتنەوەی گۆڕاندا بێدەنگبکات، تا ئەو ڕادەیەی ئەو دوو هێزە سیاسییە نەک نەیانتوانی تانە لە کاندیدەکەی پارتیی بدەن، بەڵکو کەوتنە ستایشکردنی بە پیاوێکی سەرکەوتوو و حەکیمیان ناوبرد.
لە کاتێکدا یەکێک لە توندڕەوترین سیاسییەکانی کورد لە بیست ساڵی ڕابوردوودا ئەم پیاوەیە، کە بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت کاندیدکراوە، لەبەرئەوەی: 
١_ ئەم مۆدێلی کاندیدکردنە مۆدێلێکی ترسناکی سعودییانەیە، کە ماوەیەکی زۆرە مەسعوود بارزانیی کار لەسەر چەسپاندنی دەکات لە هەرێمی کوردستاندا.
٢_ لە ئەزمونی حکومڕانیی هیچ دەوڵەتێکدا دانانی کەسێکی ئەمنیی بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت سەرکەوتوو نەبووەو بە بەردەوامیی ئەم جۆرە کارەکتەرانە حکومدارییان تەنها لە پێدانی ناندا کورتکردووەتەوەو لە بەرانبەریشدا ئازادیی گشتییان قەدەغەکردووە.
٣_ مەسروور بارزانیی لە یادەوەریی نەوەی دوای ڕاپەڕیندا پیاوێکی تۆقێنەرەو دەستی لە چەندین کەیسی تیرۆردا هەیە. ئەگەر لە هەرێمی کوردستاندا یاسا سەروەر بووایە، بە هیچ شێوەیەک مافی ئەوەی نەدەبوو، کە سەرۆکایەتیی حکومەت وەربگرێت.
٤_ هەروەها عەقڵیەتی ئەو عەقڵیەتێکی پیلانگێڕییەو هەمیشە بە گومانەوە مامەڵە لەگەڵ نەیارەکانیدا دەکات و توانای خۆگونجاندنی نییەو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان تەنها بیر لە ڕێگای تیرۆر و تۆقاندن دەکاتەوە.
٥_ دەستگاکەی ئەو بە شێوەیەکی بەربڵاو لە گەندەڵییەوە گلاوەو چۆنێتیی خەرجکردنی بودجەی ئەم دەستگایە ڕوون نییەو دوور بووە لە چاودێریی داراییەوە. ئایا دەکرێت کەسێک لە دەستگایەکی وەک ئەنجومەنی ئاسایشدا کاری گەندەڵیی بکات بتوانێت حکومەتی هەرێم بەو هەموو گەندەڵییانەوە ڕاستبکاتەوە؟ ڕەنگە وەک ئەزمونی جێنشینی پادشای سعودیە بەناوی چاکسازیی و بنبڕکردنی گەندەڵییەوە نەیارەکانی خۆی لەناو حکومەت و حیزبدا بدات بە دادگا، ئەمەیش لە پێناوی بەهێزکردنی پێگەی سیاسیی خۆیدا.
لەسەردەمی حکومدارێتیی مەسروور بارزانییدا بە هەموو پێوانەکان پێشبینیی ئەوە دەکرێت، کە دۆسیەکانی مافی مرۆڤ پاشەکشێی گەورە بکەن و ئازادیی ڕادەربڕین بچێتە قۆناغێکی ترسناکەوەو هەموومان بەرەو تونێلێکی تاریکتر بڕۆین لەوەی، کە ئێستا هەیە.
گەورەترین گرفتی مەسروور بارزانیی بیرکردنەوەکانیەتی، کە هەمیشە لە ڕابوردوویەکی دووردا دەژیت و دەیەوێت هەموو پەیوەندیی و جۆری مامەڵەکانی لەسەر دنیابینیی نەتەوەپەرستیی کۆن بینابکات، لە کاتێکدا ئەم مۆدێلە لە بیرکردنەوە چەندین ساڵە لە وڵاتانی زۆر دواکەوتوویشدا بەهای خۆی لەدەستداوەو فۆرمی نەتەوەییبوون گۆڕانێکی جەوهەریی بەسەرداهاتووە.
کەواتە دەتوانین بڵێین ئەگەر شا سەلمان محەمەدی کوڕی بەو هەموو کەموکورتییانەوە نەکردایەتە جێنشین، ئەوە هەرگیز مەسعوود بارزانییش بیری لەوە نەدەکردەوە ئەم دیارییە قورسە پێشکەش بە خەڵکی کوردستان بکات. محەمەد کوڕی سەلمان و مەسروری کوڕی مەسعوود خاوەنی یەک پەروەردەو یەک دنیابینیی هاوبەشن، ئەوەیش ئەوەیە، کە هەردوکیان بڕوای تەواویان بە پاکتاوکردنی نەیارەکانیان هەیەو دەیانەوێت دەستەڵات لە بازنەیەکی داخراودا قەتیسبکەن. 
دەبێت خەڵکی کوردستان ئەوەندەی پارتییەکان بەدانانی مەسروور مەسروورن، هێندە مەحزوون بن.






ئێران و تورکیا چییان لە هەرێم دەوێت!
دوو پیاو لە نێوان (کەی جی بی) و (پاراستن) دا
جێنشینی نوێ لە نێوان مەسروریی و مەحزونییدا
نێچیرڤان بارزانیی نەمرە!
ئەو بۆمبەی، کە (17) ساڵ لەمەوبەر تەقییەوە
پارتیی خاتری هەموانی گرت!
بۆ شازدەی ئۆكتۆبەر بۆ ڕویدا؟
هەڵبژاردنی (٣٠) ی ئەیلوول چی دەگۆڕێت؟
چەند پرسیارێک بۆ ئۆپۆزیسیۆن
هەڵبژاردن لە نێوان بایکۆت و بەشداریکردندا
دوای دەساڵ سۆرانی مامەحەمە تیرۆركرایەوە
شێرپەنجەی گۆڕان چییە؟!
ئایا ئۆپۆزیسیۆن مردووە؟
کێ مەتەڵی (12) ی ئایار دەزانێت؟
لە نۆزدەی ئایارەوە بۆ دوازدەی ئایار
123456789

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە