دوو پیاو لە نێوان (کەی جی بی) و (پاراستن) دا
ئەحمەد میرە
PM:03:29---02-01-2019
ئه‌م بابه‌ته 6569 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
دوو_ئیدارەیی یەکێکە لە داهێنراوە خرابەکانی هەردوو هێزی حوکمڕان لە هەرێمی کوردستاندا، دەرهاویشتەی سەرەکیی شەڕی ناوخۆی نێوان پارتیی و یەکێتیی بوو.
ئەم دوو هێزە هەر کاتێک پەیوەندییەکانیان دەگەنە دۆخی تەنگەتاوی سیاسیی و بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ یەک_حکومەتیدا یەکناگرێتەوە، بیرۆکەی دوو_ئیدارەیی دەهێننەوە بەر باس. تەنانەت هەندێک لە ڕۆشنبیرانی کوردیش لە دەرئەنجامی مامەڵەی نادیموکراسییانەی هێزە سیاسییەکان و بوارنەدان بە ڕەوتە مەدەنییەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی، بیرۆکەی دوو_ئیدارەیی دەجوڵێنن. جوڵاندنی یەکهەمیان بەرژەوەندیی حیزبیی و هەندێک جتریش بەرژەوەندیی تاکەکەسیی ئاراستەیدەکات، بەڵام بیرۆکەی دوهەمیان هەڵگۆزراوی ئەو ڕەهەندە دیموکراسییانەیە، کە پێیوایە ئەگەر ناوچەیەک هێزی قبوڵکردنی ئەوی دیی تێدا نەبێت، وا باشترە، کە ئیدارەیەکی تایبەت بە خۆی دروستبکات. بەڵام ئاکامی هەردوو ئاراستەکە بۆ کۆی پرۆسەی سیاسیی مەترسیدارە. دەبێت ڕێگریی یاسایی و سیاسیی لەو بیرۆکانە بکرێت، کە دەمانگێڕنەوە بۆ دۆخی دوو_ئیدارەیی. لەگەڵ ئەوەیشدا نابێت بوار بدرێت بە هێزێکی سیاسیی، کە تەواوی فەلسەفەی خۆی و ئاوەزی تاکڕەویی بەڕێوەبردن، قۆرخکردنی تاکلایەنەی دەستەڵات بکاتە پێناسی سەرەکیی حکومەتی داهاتووی هەرێم. 
وەک چۆن بیرۆکەی دوو_ئیدارەیی بیرۆکەیەکی ترسناکە و پڕۆژەیەکە بۆ هەرەسهێنانی ئەزمونی هەرێمی کوردستان، بە هەمان شێوەیش ڕازیبوون بە چەمکی تاک_حیزبیی لە حکومەتی هەرێمدا کارێکی مەترسیدارەو سەرەتایەکە بۆ ئەوەندە خرابترکردنی پڕۆسەی سیاسیی و حوکمڕانیی لە کوردستاندا. تەنانەت ئەگەر تاکی کورد سەرپشکبکرێت لە نێوان دۆخی دوو_ئیدارەیی و حکومەتی تاک_حیزبیدا، پێویستە یەکهەمیان هەڵببژێرێت. هەرچەندە پلاسی یەک_ئیدارەیی و دوو_ئیدارەیی چەندە پرسێکی ناوخۆییە، هێندەیش پرسێکی هەرێمیی و نێودەوڵەتییە. واتا تا ئەو کاتەی هێزە حوکمڕانەکانی هەرێم پابەندی ئەجێنداکانی وڵاتانی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی دەبن، ئەوە حکومەتی هەرێم وەک خۆی دەمێنێتەوە. هەر کاتێک لە ئاراستەی پاشکۆیەتیی هەرێمیی لایدا، ئەوە بە دەردی ئەزمونی خۆبەڕێوەبەریی کوردانی ڕۆژئاوا دەچێت.

حکومەتی هەواڵگریی
دروستەی کابینەی نۆهەمی حکومەت هەر لە سەرەتاوە دروستەیەکی ناتەندروستەو دەموچاوە سەرەکییەکانی ئەم دروستەیە لەناو هەناوی دەستگا هەواڵگرییەکانەوە هاتوونەتەدەرێ. بەپێی هەموو خەمڵاندنە سیاسییەکان حکومەتی هەواڵگریی زۆر مەترسیدارترە لە حکومەتی سەربازیی، کە دوای کودەتاو خوێنڕشتن لە وڵاتان دەستەڵات دەگرنەدەست. 
حکومەتی هەواڵگریی مەترسییەکانی بۆسەر ئازادییە گشتییەکان و ئازادیی سیاسیی و ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی تاکەکەسیی هێجگار گەورەو مەترسیدارە، چونکە ئەم جۆرە حکومەتە بە شێوەیەکی بەردەوام لە بازنەیەکی داخراوو پڕ گوماندا کاردەکات و دەیەوێت لە ڕێگای دروستکردنی دوژمنی وەهمیی ناوخۆییەوە باس لە پاراستنی ئاسایشی گشتیی وڵات بکات. بۆیە لە چوارچێوەی سیستمی دیموکراسیدا کەمتر ڕێگادەدرێت بە پیاوانی ناو دەستگا هەواڵگرییەکان بگەنە ترۆپکی دەستەڵات. ڕەنگە لەم ڕووەوە باشترین نمونەی حکومڕانیی پیاوە هەواڵگرییەکان لە دنیادا (ڤلادیمێر پۆتین) بێت، کە لە دەستگای (K.G.B) دا پەروەردەکراوەو گەیشتە کۆشکی (کرملن). پۆتین تا ئەندازیەکی باش توانیی باری ئابوریی ڕوسیا لە داتەپین ڕزگاربکات و بوژانەوەیەکی ئابوریی ڕوبکاتە ئەو وڵاتە، بەڵام ئەزمونی ئەو لە هەردوو پۆستی سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆماری ڕوسیادا جێگای دڵخۆشیی نین و هەمیشە ڕوسیا لە لێواری شەڕی گەورە گەورە نزیکدەکاتەوە، بە تایبەتیی لە وڵاتانی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران و ئۆکرانیا و سوریا.
بۆ هەر هێزێکی سیاسیی، کە دەیەوێت لە کابینەی نۆهەمدا بەشدار بێت، پێویستە بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دروستەی حکومەتەکەو فەلسەفەی حوکمڕانییەکەیدا بکات، دەبێت ئەوەیش بزانن، کە دۆخی هێزەکانی دەرەوەی پارتیی لە کابینەکانی نێچیرڤان بارزانیدا باش و سەلامەت نەبووە، ئەی چۆن لە کابینەی پیاوە هەواڵگرییەکەدا بەسەلامەتیی دەردەچن؟!






ئێران و تورکیا چییان لە هەرێم دەوێت!
دوو پیاو لە نێوان (کەی جی بی) و (پاراستن) دا
جێنشینی نوێ لە نێوان مەسروریی و مەحزونییدا
نێچیرڤان بارزانیی نەمرە!
ئەو بۆمبەی، کە (17) ساڵ لەمەوبەر تەقییەوە
پارتیی خاتری هەموانی گرت!
بۆ شازدەی ئۆكتۆبەر بۆ ڕویدا؟
هەڵبژاردنی (٣٠) ی ئەیلوول چی دەگۆڕێت؟
چەند پرسیارێک بۆ ئۆپۆزیسیۆن
هەڵبژاردن لە نێوان بایکۆت و بەشداریکردندا
دوای دەساڵ سۆرانی مامەحەمە تیرۆركرایەوە
شێرپەنجەی گۆڕان چییە؟!
ئایا ئۆپۆزیسیۆن مردووە؟
کێ مەتەڵی (12) ی ئایار دەزانێت؟
لە نۆزدەی ئایارەوە بۆ دوازدەی ئایار
123456789

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە