ئێران و تورکیا چییان لە هەرێم دەوێت!
ئەحمەد میرە
PM:12:01---15-01-2019
ئه‌م بابه‌ته 1286 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

لە دامەزراندنی میرنشینەکانەوە تا دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمیشە دەستەڵاتدارێتیی کوردیی لەم ناوچەیە بەپێی بەرنامەو بەرژەوەندیی ئیمپراتۆرەکانی ڕابوردوو و دەوڵەتەکانی ئێستا کاریانکردووە. تەنها لە پەراوێزدا گەڕاونەتەوە بۆ بەرژەوەندیی گەلی کورد و بەڕێوەبردنی میرنشین و حکومەتەکانی. بۆ نمونە وڵاتە زلهێزەکان و ئیمپراتۆرەکان بە پێی ویست و بەرژەوەندیی خۆیان ئاڵوگۆڕیان بە میر و حاکمە کوردەکان کردووە، ئەگەر پێویستیشی کردبێت، بەئاسانیی بەرەو شەڕی ناوخۆیان بردوون، تا ئاستی کۆتاییهێنان بە دەستەڵاتەکانیان.

لە مێژووی کۆن و نوێدا هیچ میرنشین و حکومەت و جوڵانەوەیەکی سیاسیی کورد لە باشووردا نادۆزیتەوە، کە بەم دۆخە ترسناکەدا تێنەپەڕیبێت. ئەگەر دەستەڵاتدارێکیش سەرپێچیی ئەجێندای دەرەکیی کردبێت، زۆر بەئاسانیی دوریانخستووەتەوە، یاخود لەسێدارەیانداوە، لە نمونەی قازیی محەمەد و شێخ سەعیدی پیران.

دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 لە ڕوکەشدا حکومەتێکی خۆماڵیی لە باشوور پێکهات، بەڵام بەرنامەو فەلسەفەو دەستەڵاتی ئەم حکومەتە تەواو ئێرانییانەو تورکییانە بوو، بەئاسانیی ئەم دوو دەوڵەتە دوو زۆنی تایبەت و هەواڵگرییان بۆخۆیان ڕێکخست. پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەئەوپەڕی دڵسۆزییەوە کەوتنە جێبەجێکردنی ئەجێندا هەرێمییەکان لە هەرێمی کوردستان، تا ئەو ڕادەیەی لە (23) ی ئابدا دەوڵەتێکی تری داگیرکەر بە شێوەیەکی فەرمیی بووە هاوبەشی پلانە هەرێمییەکە لە باشووری کوردستان، ئەویش دەوڵەتی عێراقە.

ئەم دوو هێزە حوکمڕانە بە ئاشکرا سەنگەری سیاسیی و سەربازیی و ئاسایشیی خۆیان لەیەکتری جوداکردووەتەوە، جارجاریش بۆ ڕازیکردنی هەردوو دەوڵەتی ئێران و تورکیا جێگۆڕکێ بە پاڵپشتە هەرێمییەکانیان دەکەن.

بۆنمونە تا پرسی ڕیفراندۆم لە سێپتەمبەری (2017) دا پارتیی بەتەواوەتیی بە پێی بەرنامەی سیاسیی ئەردۆگان مامەڵەیدەکرد و پێ بەپێ دوای سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا کەوتبوو، بە پێچەوانەیشەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ فەلسەفەو بەرژەوەندیی ئێراندا تەباو هاوسۆز بوو، بەڵام دوای دەرهاویشتەکانی پرۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستاندا هەست بە جۆرێک لە جێگۆڕکێی هەرێمیی دەکرێت، ئەمەیش بەو واتایە نایەت، کە یەکێتیی و پارتیی ئاڵوگۆڕیان بە پاڵپشتە هەرێمییەکانی خۆیان کردبێت، بەڵکو هەریەکەیان دەیەوێت دڵسۆزیی خۆی بۆ هەردوو دەوڵەتی ئێران و تورکیا دوپاتبکەنەوە، بێگومان ئەمەیش لەسەر حسابی بەرژەوەندییە گشتییەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەردەبێت.

لە ئێستادا دەگوترێت پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەموو کات زیاتر لە ئێرانەوە نزیکەو وەک دۆستێکی گەورە پشتیپێدەبەستێت، تەنانەت لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا ئێران ویستی ئەوەی هەبوو، کە کادری پارتیی ئەو پۆستە وەربگرێت و بۆ وەدیهێنانی ئەم ئامانجەیش هەوڵە سیاسیی و دیپلۆماسیی و ئەمنییەکانی خۆی بە شێوەیەکی بەرچاو خستبووەگەڕ.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لە پێناو دڵدانەوەی دەوڵەتی تورکیادا کەوتووەتە ئەنجامدانی پرۆسەیەکی ناجۆر و نەگونجاو لەگەڵ تێکڕای پڕۆژەی نەتەوەیی کورددا، واتا یەکێتیی نیشتمانیی ئەوەی  ئێستا دەیکات، کارێکی ناتەندروستە بە هەموو پێوانەکانی ئازادیی سیاسیی و بەرژەوەندییە باڵاکانی جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی کورد، تەنانەت ئەو ڕەفتارە سیاسییانەی، کە ئێستا لێرە دەکرێن، لە ئامەد و ئەستەنبوڵیش ڕێگەپێدراو ناکرێن.

بەکورتیی هەرێمی کوردستان لە ژێر هەژمونێکی کاریگەرو ترسناکی هەردوو دەوڵەتی ئێران و تورکیادایە. ئەوەی لەم هەرێمەدا ڕودەدات بەرنامەی سیاسیی ئەو دوو دەوڵەتەیەو هیچی تر، چونکە دەکرێت بە پێی یاسا و لێکتێگەیشتنی سیاسییانە چالاکیی سیاسیی هێزەکانی تری دەرەوەی هەرێم لە کوردستان ڕێکبخرێت و لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تەواوی هێزە سیاسییەکاندا بێت، نەک لە ڕێگای توندوتیژیی و هێزەوە بتەوێت دڵی دەوڵەتێکی داگیرکەر بەدەستبهێنیت.






چۆن لە (17) ی شوبات تێبگەین؟
گێرەشێوێنەکان
ئێران و تورکیا چییان لە هەرێم دەوێت!
دوو پیاو لە نێوان (کەی جی بی) و (پاراستن) دا
جێنشینی نوێ لە نێوان مەسروریی و مەحزونییدا
نێچیرڤان بارزانیی نەمرە!
ئەو بۆمبەی، کە (17) ساڵ لەمەوبەر تەقییەوە
پارتیی خاتری هەموانی گرت!
بۆ شازدەی ئۆكتۆبەر بۆ ڕویدا؟
هەڵبژاردنی (٣٠) ی ئەیلوول چی دەگۆڕێت؟
چەند پرسیارێک بۆ ئۆپۆزیسیۆن
هەڵبژاردن لە نێوان بایکۆت و بەشداریکردندا
دوای دەساڵ سۆرانی مامەحەمە تیرۆركرایەوە
شێرپەنجەی گۆڕان چییە؟!
ئایا ئۆپۆزیسیۆن مردووە؟
123456789

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە