ریفراندۆم و ناتوندو تیژی
لەتیف فاتیح فەرەج
PM:03:11---21-01-2019
ئه‌م بابه‌ته 318 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

كاتی خۆی كه‌ ریفراندۆم به‌و جۆره‌ به‌ڕێوه‌ چوو ، من له‌ به‌ر مه‌ترسی له‌ ده‌ستچوونی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان له‌ گه‌ڵی نه‌بووم ، نه‌ك له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵ ریفراندۆم نیم و به‌یه‌كێك له‌ رێگاكانی دیموكراسی نازانم بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانج ، من له‌ دوو شت گومانم هه‌بوو یه‌ك دیاری كردنی ئه‌و كاته‌و په‌له‌ پڕوزێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ 25ی 9 هه‌ر ده‌بێت بكرێت ، دوه‌م له‌ تێوه‌گلانی كه‌ركوك و ئه‌و ناوچانه‌ به‌و پرسه‌ ، كه‌ ده‌كرا تیای نه‌بێت ، بۆ ئه‌وه‌ی دیدو سه‌رنجی خۆم بگه‌یه‌نم كۆڕو سیمینارو به‌رنامه‌و نووسینی زۆرم له‌و باره‌یه‌وه‌ نووسی ، ته‌نانه‌ت بڕیار بوو شاسوار عه‌بدولواحید وه‌ك هاوڕێیه‌ك كۆی بابه‌ته‌كان به‌ نامیلكه‌یه‌ك چاپبكات ، هه‌ڵبه‌ت نه‌كرا ، پرسی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان زۆر هه‌ستیار بوو خستنه‌ نێو پرۆسه‌ی ریفراندۆمه‌وه‌ قوماری كوردی بوو له‌ سه‌ر ئه‌سپی مردو، بابه‌تێكی فراوانم نووسی و وێنه‌یه‌كیم گه‌یانده‌ كاك به‌همه‌ن حوسێن ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای ریفراندۆم تا لانی كه‌م بارزانی له‌ مه‌ترسی ریفراندۆمی كه‌ركوك ئاگادار بكاته‌وه‌ ، خۆش باوه‌ڕبووم به‌وه‌ی له‌ دوا ساتا كه‌ركوك ده‌رئه‌كه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌یانكرد و ئه‌وه‌ ڕوویدا كه‌ ڕوویدا .
ریفراندۆم له‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و كه‌ركوك خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی به‌ عیراق و توركیاو ئێران كردو پرسی كوردی ده‌یان ساڵ خسته‌ دواوه‌ ، ئه‌وه‌ی ئێستا باسی خیانه‌ت و ئه‌وانه‌ ده‌كات ، ئه‌گه‌ر كه‌ركوك و ئه‌و ناوچانه‌ نه‌خرایه‌ته‌ ئه‌و یاریه‌وه‌ ئه‌وه‌ دڵنیام ئێستا خیانه‌ت و ئه‌وانه‌ش باس و خواسیان نه‌بوو ، ئه‌گه‌ر ریفراندۆم ئه‌و ناوچانه‌ی تیا نه‌بوایه‌و له‌سه‌ر كات و ساته‌كه‌ش جۆرێك له‌ رێكه‌وتن هه‌با ، ئه‌وه‌ ده‌بووه‌ یه‌كێك له‌ هه‌نگاوه‌كانی ناتوندو تیژی و رێگه‌یه‌كی دروست بۆ گه‌یشتن به‌ خۆ خاوه‌نی ، من بڕوام وایه‌ هه‌مان ئه‌و رێگه‌یه‌ بۆ پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش دروست و به‌ جێیه‌ ، به‌ مه‌رجێك به‌ رێكه‌وتن له‌ ته‌ك حكومه‌تی وڵاته‌كه‌دا به‌ڕێوه‌ بچێت ، یانی ئه‌گه‌ر ریفراندۆم به‌ رێكه‌وتن له‌ ته‌ك حكومه‌ت و پارله‌مانی عیراقی كراباو نوێنه‌رانی كورد له‌ پارله‌مانی عیراقی شه‌ڕی دیموكراتیانه‌یان له‌ سه‌ر كردبا بۆ پرسی كه‌ركوكیش له‌ چوار چێوه‌ی ماده‌ی 140دا هه‌مان هه‌نگاویان نابا دڵنیام ئێستا بارو دۆخه‌كه‌ به‌م جۆره‌ی ئێستا نابوو .
پارتی به‌ دژایه‌تی كردنی بیرو ڕاجیاكان له‌و باره‌یه‌وه‌ ، هه‌م ده‌یویست خۆی وه‌ك تاكه‌ نوێنه‌ری كوردایه‌تی نیشان بدات ، هه‌م هه‌موو جیاوازیه‌ك ته‌خوین كات ، به‌وه‌ش بواری نه‌هێشته‌وه‌ تا ده‌نگه‌ جیاوازه‌كان ببیسێت ، ئه‌مه‌ به‌ تایبه‌ت بۆ بارزانی راسته‌ ، یانی ریفراندۆم هه‌نگاوێكی زۆر دروست بوو ، به‌ڵام بكه‌ره‌كانی دۆخێكی زۆر خراپ و كات و ساتێكی زۆر نه‌گونجاویان هه‌ڵبژاردو به‌وه‌ش له‌ بری ئه‌وه‌ی وه‌ك رێگه‌یه‌كی ناتوندو تیژانه‌ كورد قازانجی لێبكات زه‌ره‌ری گه‌وره‌مان لێكرد ، زه‌ره‌رێك كه‌ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی ئه‌سته‌مه‌ .






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە