لابردنی پاشەکەوتی مووچە دەستکەوت یان شەرمەزاری؟
چیا هاوار
AM:11:16---09-03-2019
ئه‌م بابه‌ته 458 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
وەک ئاشکرایە شتێک بوونی نەبوو بەناوی قەیرانی دارایی لە ھەرێمی کوردستان، بەھۆی عینادی دەسەڵاتدارانی کوردستان و بانگەشە بۆ ئابووری سەربەخۆ لە ساڵی ٢٠١٣ و ٢٠١٤ و دەستبەسەرداگرتنی نەوت و داھاتەکانی تری کوردستان، حکومەتی عیراق سزای ئابووری بەسەر ھەرێمدا سەپاند و ئەوەش مەرگەساتی خوڵقاند و خەڵکی کوردستانی خستە نەھامەتیێکی کەموێنە.
لەئەنجامی کورتبینی و بێ ئەزموونی دەسەڵاتی کوردستان، زەبرێکی بێ رەحمانە بەر میللەت کەوت و پشکی شێری ئەو زەبرەش بەر فەرمانبەران و مووچەخۆران کەوت، وەک نمونە خانەنشینان (ئەگەرچی پاشەکەوتی مووچە نەیگرتنەوە) بەڵام دەیان مووچەیان دیزەبەدەرخۆنە کرا و بە دوو یان سێ مانگێک مووچەیەکیان پێ ئەدرا، ئەو رەفتارەی حکومەتیش جارێکی تر ئەوەی سەلماندەوە کە سندوقی خانەنشینان بوونی نیە و ئەوەی لە ٢٨ ساڵی رابردوو لە مووچەی فەرمانبەران بڕدراوە بەناوی خانەنشینی، کۆی گشتی نادیارە و کەس نازانێ لەکوێیە و چی بەسەر ھاتوە!.
حکومەت بەھۆی نەبوونی پارەوە بڕیاری پاشەکەوتی مووچەیدا و ھەر دەستبەجێش خستیە بوواری جێبەجێ کردن، بڕیاری پاشەکەوتکردنەکە گوایا بۆ ئەوە بووە کە مووچەی مانگانەی فەرمانبەران لەکاتی خۆیدا بدرێت لێ دووای ئەو بڕیارەش حکومەت لە دوو ساڵدا پێنج مووچەی فەرمانبەرانی گلدایەوە و ئەو مووچانەشی ناونا (پاشەکەوت)!.
ئێستا و دووای ناردنی پارەیەکی زۆر لەلایەن حکومەتی عیراق و فرۆشتنی نەوتێکی زۆر بە نرخێکی گران و بەرزبونەوەی داھاتی گومرگەکان و زیاد کردنی رسومات، حکومەت لە رۆژی ھەینیدا کۆبۆوە و بڕیاریاندا پاشەکەوتی مووچە لەسەر فەرمانبەران لابەرن و لێرەبەولاوە مووچەی بێ پاشەکەوت بدەن.
ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران لە رۆژی ھەینیدا بەھۆی دڵسۆزیانەوە نەبووە بۆ خەڵک و فەرمانبەران، ئەوان پاشەکەوتی مووچەیان لە ریزبەندی قەیرانی داراییەوە دەرھێنا و خستیانە ریزبەندی قەیرانە سیاسی و ململانێ نێوخۆییەکانی نێو حزب و حکومەت، ئەوان بەشێوەیەکی شەیتانی و لە دووا رۆژەکانی کابینەی حکومەتەکەیان بە بیرکرنەوەی خۆیان بارێکی قوڕسیان خستە سەرشانی کابینەی نوێ و کەمن پێم وایە بەھۆی ئەو رەدەل و بەدەلانەی ئەم کابینەیە کردویەتی بەتایبەت لەبارەی گرێبەستە نەوتیە درێژخایەنەکانی کابینەی ھەشت لەگەڵ تورکیا، زەحمەتە کابینەی نۆیەم بتوانێت ئەو بارە قورسە بە ئاسانی ھەڵگرێت کە روونە تا چەند ساڵێکی تریش حکومەت لە رووی ئابووریەوە جڵەوی لەدەست دەوڵەتی تورکیا و کۆمپانیا نەوتیەکاندایە.
ماوەتەوە بڵێین خەڵک پێنج ساڵ باجی عینادی و بێ ئەزموونی و کورتبینی دەسەڵاتدارانی ھەرێمیدا، میللەت پێنج ساڵ سزای ئابووری بەسەردا سەپێنرا و دوواجاریش بەناوی پاشەکەوت دەسەڵات دەستی برد بۆ بیناقاقای میللەت و بڕیارێکی پڕ لە شەرمەزاری و بێ چاو و ڕووییان لە دژی میللەتدا. ئێستاش کە بەمەبەستی سیاسی و بۆ بانگەشە و خۆمیکیاجکردن لە دووا رۆژەکانی دەسەڵاتدا بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە ئەدەن و کۆنگرەی رۆژنامەوانی و ھەڵڵای راگەیاندنی بۆ ئەکەن، بەڕای من پێویست بەوھەموو بانگەشە و پیا ھەڵدانە ناکات، پێویست ناکات ھەموو لایەنەکان خۆیان بکەنە خاوەنی ئەو بڕیارە چونکە چۆن بڕیاری سزادان بەناوی پاشەکەوت شەرمەزاری و نەنگیە، بڕیاری ھەڵوەشانەوەکەش شەرمەزارییە نەک دەستکەوت.






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە