رەخنەگرتن تا رادەی هاڕیینی فیکر و بۆچوونی نووسەران، پێویستییەکی سیاسییە!
كاميار سابير
PM:01:12---12-12-2018
ئه‌م بابه‌ته 585 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

پێویستیی سیاسیی( ضەرورەتی سیاسیی)ە، رەخنە لە هەموو سیاسیی، حیزب, نووسەر و نوخبەیەک بگریت، چونکە سیاسەت بۆ کۆمەڵگە و تەواوی خەڵکی نیشتمان دەکرێت. هاوکات، زۆر پێویستیشە، ناویان بهێنرێ و دەزووی گییپە سیاسیی و فیکرییەکانیان، هەڵبوەشێنرێنەوە. یەکێکم لەو نووسەرانەی، ئێخەی فیکر( ئەگەر هەیانبێت) و تێڕوانیینی زۆر کەسم گرتووە لەسەر بابەتە سیاسیی و کولتوورییەکان، بەتایبەتیی ئەوانەی لە رەهەندی گشتییدا، پێوەندییان بە ژیانی خەڵکەوە، هەیە. نە موجامەلە دەکەم، نە خۆم لە کەس بە باڵاتر دەزانم، هاوکات، تەقدیسی کەسیش ناکەم، ئەگەر برا و خوشکیشم بن.

نووسیینی دوو ساڵ لەمەوبەر لەسەر عەڕابەکەی ریفراندۆمە کە یەکێک بوو لە ستارە(Star) ەکانی رەهەندییەکان ، دەنگی بۆ "بەڵێ"ی پڕ لە حەماقەت، بوو. بەم پێودانگە، ئەو دیدە، وزەی زیاترم دەداتێ کە جییلی کۆن( الجیل القدیم old generation )، بە سیاسیی و بە نوخبەیەوە، بە عەوام و بە ئەکادیمیستی بێسەوادیانەوە، بە ئەدییبە دێریینەکان و بە ژۆرناڵیستە مۆدێرنەکانەوە، زۆریینەی رەهایان، پەروەردەی زێرابەکانی کوردایەتیین و زۆر زۆر بە دەگمەن، تاک و تەرا، ئەگەر یەکێک بدۆزیتەوە، لە مەنهۆڵێکەوە، هاتبێتە دەر و فیکری سیاسیی گەشەی کردبێت. رەخنەگرتن لەم جییلە کۆنە، نەک هەر پێویستییەکی سیاسییە، بەڵکو تا رادەی هاڕیینی فیکر و بۆچوونیشیان، ئەرکی نەوەی نوێ( گەنجانی ئەم سەردەمە) یە...

نووسیینەکە، ئەمەی خوارەوەیە:-

دۆستایەتیی و موجامەلە لە فیکری سیاسییدا

لەم دۆخە سیاسیی و ئابوورییەی کوردستاندا، هەرکەسێک، لە ژێر هەر ناوێکدا بێت، توانای ئەوەی هەبێت ئارگیومێنت بکات، کار لە رای گشتیی بکات، رەخنە بگرێت یان بییر لە ئاڵتەرناتیڤێک بکاتەوە، ئەگەر نەیکات، نەک هەر کەمتەرغەمیی، بەڵکو جۆرێکە لە بەیعەتدان بەم دەسەڵاتە مافیاییەی هەرێمی کوردستان. لەم جوغزەوە، زۆر گرینگە و زۆر پێویستە لە هەموو بەیعەتچییەکانی کوردایەتیی، بدرێ.

بە تێڕوانینەکەی جاک دێریداش بێت کە لە لێکچەرەکانیدا لەسەر نامیلکەکەی خۆی ( سیاسەتی دۆستایەتیی Politics of Friendship ) باسی دەکات، دۆستایەتیی، بە رەگە مێژووییە فەلسەفییەکەش بیگرین لە سەردەمی ئەفڵاتۆن( پلاتۆ) و ئەریستۆوە، فەچیڵەتێکی باڵایە، بەڵام لەسەر حیسابی عەدالەت نەبێت. ئەوەی دێریدا مەبەستییەتی، لە سیاسەتدا، چەمکی دۆستایەتیی، بەمانە ئەخلاقیی و شمولییەکەی بوونی نییە. ئەوەی ئێمەش لێرەدا مەبەستمانە، فیکری سیاسیی لەناو ئەو هەموو شەوکەوتیی و چەتەگەرییەی بە ئابووریی کوردستانەوە دەکرێ، بەهۆی دۆستایەتییەوە، بەهۆی ئەوەی منداڵی یەک گەڕەک بووینە، هەڵماتێنمان بەیەکەوە کردووە، شییربرا و شیرخوشکین، برادەرایەتییمان ئەفسووناویی و شاعیرانەیە...تاد، هەموو ئەوانە، نابێ لەسەر حیسابی عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی کوردستان، بلاوێنیینەوە.

ئێستا لە پارتیی تاوانبارتر، یەکێتییە، چونکە بە بێ دزەکانی یەکێتیی، ئەم هەموو چەتەگەرییەی ئابووریی مەیسەر نابوو. دواتر بەبێ خۆشخەیاڵیی و نەتەوەپەرستیی هەندێ لە قیاداتە پیروپەککەوتەکانی گۆڕان، ئەم قییڕەقییڕەی "دەوڵەتی کوردیی و سەربەخۆیی ئابوورییە"یە، ئەوەندە بڕی نەدەکرد. لای کەم، بەربەرستی سیاسیی بۆ دروست دەبوو. لەهەموویشی گرینگتر بەبێ خۆشخەیاڵیی، بەبێ حەماقەتی کولتووریی نوخبە جۆراوجۆرەکانی کورد، بە ئەکادیمیست و بە عەوامییانەوە، بە رۆشنبیر و بە عاریفیانەوە، ئەم قەشمەرییاتە نەتەوەییانە و ئەم بیزنسە دەیان میلیارد دۆلارییە، ئەوەندە موستەحمەرەی ( بە ح )دروست ناکرد و کوردستانی عێراق، نەدەبوو بە موستەعمەرەی( بە ع) تورکیا و پرۆسێسی ئیستیحمارییش ( کەرکردن و کەرایەتیی) ئەوەندە کاریی نەدەبوو.

ئەوەی بە رەهەندییەکان ناسراون، لەکاتی خۆیدا، کەم تا زۆر خزمەتی ئەدەبی کوردییان کرد. بە باش و بە خراپ، ئەوە تێکستەکانیان و نەوەکانی ئێستا و ئاییندە، حوکمیان لەسەر دەدات. ئەوەی لامن زۆر گرینگە، بەشێکی زۆر لەم نوخبەیەی بە رەهەندییەکان ناسراون، ئێستا بوونە بە عەڕابی کوردایەتیی، بوونە بە بەیعەتچیی دەوڵەتە مورتەزیقە کوردییەکە و بۆ مشتێ پارەی دزراوی نەوت، بۆ پارەی ستوونێک، بۆ پارەی دەعوەتێک و تەنانەت بۆ دەست لەپشتدانی کادیرێکی خواری خوارەوەی کوردایەتیی، ئامادەن، هەموو بەیعەتێک بدەن و هەموو درۆیەکی رەشیش، سپیی بکەنەوە.

یەکێک لە نوخبەکانی ئەم رەهەندییانە( رێبیین هەردیی)، وێڕای ئەوەی هەندێ شتی باشی هەیە، بەتایبەتی ئەو تۆلێرانسەی لەسەر ئاوارەکانی سلێمانیی هەیبوو، ئەو جورئەتەی لەسەر بەهەرێمبوونی سلێمانیی هەیبوو، بەڵام شتی خراپیشی زۆرە. زۆرجار لە رووی پرەنسیپی سیاسییشەوە، بۆچوونە جیاوازەکانی بەریەک دەکەون. لەم چەند رۆژەی پێشوودا، دێت بە کلاواتی کوردایەتیی، بە هەمان مێنتاڵیتیی کادیرەکانی پارتیی، پیۆرایزی ئەو تاڵانیی و چەتەگەرییەی نەوت بۆ پارتیی و بۆ حکومەتی مافیاکانی هەرێم دەکات و دەڵێ خۆمان وەکو کورد، لەبری دەوڵەتی عێراق و سۆمو، نەوت بفرۆشین، مانگانە پتر لە دوو صەد میلیۆن دۆلار زیاترمان دەست دەکەوێت! ئەوەی ئەم برادەرە کردوویەتی، هیچ کادیر و قیادییەکی پارتیی، یەکێتیی، گۆڕان، ئیسلامییەکان و چەپە نەژادییەکان! نە کردوویانە و نە ئەوەندەش بێشەرم بوونە کە ئەو داکۆکییە لە مەلەفی تاڵانیی نەوت بکەن.

بەکورتییەکەی، ئەم برادەرە رەهەندییە، دەڵێ گرینگ ئەوەیە عەرەب لێمان نەدزێ، ئەمانەی خۆمان کوردن، لێیشمان بدزن، قەیناکا، چونکە لای کەم، خوێن و گۆشت و ئێسقانیان، کوردە! ئیتر لەژێر حەماوەی کوردەنامووسی و ئیستیحماری کوردایەتییدا، رەش و سپیی تێکەڵ دەکات و ناسیۆنالیزمی نەژادیی، نەک هەر بەرچاوی دەگرێت بەڵکو قوفڵ لە مەغز و بیرکردنەوەیشی دەدات. من حەدم نییە بڵێم ئەم پیاوە رانتخۆرە و بە پارە و بە ئیمیتازات، ئەم شەرعییەتە بەلاشە بە مافیاکانی کوردایەتیی دەبەخشێت، بەڵام دڵنیام لەوەی مۆتیڤی سیاسیی و فیکریی پشت ئەو بۆچوونەی جگە لە ئیستیحماری کوردایەتیی و جگە لە حەماقەتی کوردایەتیی و جگە لە نەتەوەپەرستیی و نەژادپەرستیی زیاتر، شتێکی تر نییە.

سەرەنجام، چەند پێویستە لە دەسەڵاتی سیاسیی و لە کاریزما و سیمبۆڵەکانی کوردایەتیی بدرێت، لە فاشیزمی کوردایەتیی و لە فاشیزمی ئابوورییەکەی بدرێت، ئەوەندەش پێویستە لە فیکری سیاسیی ئەو نوخبانە بدرێت کە شەرعییەتی ئەم تاڵانیی و چەتەگەرییەی بیزنسی نەوت و غاز، پیۆرایز دەکەن و بە چەمکی دۆستایەتیی لەگەڵ کادیرە سیاسییەکانی کوردایەتییدا، موغازەلە و موجامەلە دەکەن.






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە