لیستی رۆشنبیرانی ئازاد بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوی پەرلەمان
شێرزاد شێخانی
PM:02:00---17-01-2018
ئه‌م بابه‌ته 1297 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

لەوەتەی ئەم دەسەڵاتە خۆماڵییەی كورد لەدوای راپەڕینە مەزنەكەی بەهاری 1991 ەوە دەستی بەسەر دەسەڵاتەوە گرتوە، چیینە رۆشنبیرەكەی كوردستان هەمیشە لەبەرەی رەخنەگراندا بوە لەشێوازی بەڕێوەبردنو حوكمڕانی ئەم نوخبە سیاسیەی كە تا ئەمڕۆش حوكمی هەرێم ئەكەن.. لەسەرەتادا رەخنەكان لەشێوازی حوكمڕانی فیفتی فیفتییەوە سەریهەڵدا ، دواتر كێرفەكە لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی نەگریسی ناوخۆدا بەرزتر بوەوە. هەڵبەت رێكەوتننامەی واشنتۆنیش نەبو  بە هۆكارێك بۆ راستكردنەوەی وەزعەكەو بەرقەراربونی ئاشتبونەوەیەكی گشتی ، بەڵكو بەپێچەوانەوە دەرئەنجامەكانی بون بە بەڵایەكی گەورەتر بۆ میللەتەكەمان، كە من لەنوسینێكی تایبەت بە یەكگرتنەوەی هەردو ئیدارەكەی ئەو سای هەرێمدا ئاماژەم بەوە دابو، كە یەكگرتنەوەی هەردو ئیدارەكە زیانێكی گەورەتری لەكورد دا، بەوەی كەوا رۆحی مونافەسەی لەنێوان هەردو زۆندا نەهێشت. ئەوە بو لەدوای یەكگرتنەوەی هەردو ئیدارەكە پارتی ویەكێتی بەناوی رێكەوتنی ستراتیژی  كەوتنە سەر دابەشكردنی داهاتەكانی هەرێم لەنێوان خۆیاندا، بەتایبەتیش ئەو پشكە زۆرەی لەبەغداوە رژایە سەر هەرێم كە بەملیاران دۆلاری ساڵانە دەخەملێنران. وابزانم قسەكانیشم هاتنە دی، چونكە لەوەتەی ئەو ملیارانە دراونەتە هەریم ، گەندەڵی و دزیو فزی دەسەڵات گەیشتە ترۆپكەوە و تا ئەمڕۆش هیچ هێزێك نەیتوانیوە كۆنترۆڵی ئەو گەندەڵیە  بكات.

لەو ساوە تا ئەمڕۆ زێدەڕۆیی نیە بڵێم دەیان هەزار وتارو لێدوان لەلایەن رۆشنبیرانی كوردەوە نوسراو وتراون كە هەموشیان رەخنە بوە لەم دەسەڵاتە حیزبیە، سەرباری ئەو رەخنە زۆرانەش ، دەیانجار خۆپیشاندانی جەماوەریش رویداوە لەدژی گەندەڵی و ناعەدالەتی و بەفیرۆدانی سامانی میللەتەكەمان، بەڵام بەدرێژایی ئەو بیستو شەش ساڵەش هیچكات دەسەڵات نە وتاری نوسەرانی خوێندۆتەوە، نە گوێشی داوەتە رەخنەكانیان، ئاوڕیشی لەداواكاری خۆپیشاندەران نەداوە، بەڵكو هەم خۆپیشاندانەكانی سەركوت كردوە، هەم بەشێك لەنوسەرە بوێرەكانیشی تیڕۆرو دەمكوت كردوە، راپۆرتەكانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە مافو ئازادییەكان شاهیدی ئەو هەمو پێشلێكارییانەن كەبەرامبەر نوسەرو رۆژنامەنوسو رۆشنبیرانی كورد ئەنجامدراون.

لێرەدا بۆمان دەرئەكەوێ كەوا بەهۆی دیكتاتۆریەتی دەسەڵات و تاكڕەویی حیزبی حاكم، هیچكات رۆشنبیر نەیتوانیوە رۆڵێكی كاریگەر ببینێ لەگۆڕانكارییەك كە میللەت چاوەڕیی ئەكات.. زۆرجار لێرەو لەوێ هەندێ هەوڵو كۆششی بەشێك لە نوسەرو رۆشنبیرە ئازادەكان ئەبیستین سەبارەت بە یەكخستنی بەشێك لەچیینو توێژەكانی كۆمەڵگە، تەنانەت بەم ئاخیرە هەندێ هەوڵیش دراون بۆ ئەوەی لەدەرەوەی ئەم دەسەڵاتە  دیكتاتۆرەی ئێستا جۆرێك لەهاوپەیمانی دروست بكرێ لەنێوان حزبەكان  بۆ روبەروبونەوەی هێزەكانی دەسەڵات لەهەڵبژاردنەكانی داهاتودا، بەتایبەتیش ئێستا وەزعەكە لەبارە بۆ كاركردن لەسەر فۆرمێكی تازە كە بەدەر بێت لەفۆرمە سواوەكەی پێشتری  حیزبانی دەسەڵات.. بەڵام لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە ، ئەویش ئەوەیە" بۆچی رۆشنبیرەكان خۆیان بیر لەیەكخستنی تواناو ریزەكانی خۆیان ناكەن بۆ هاوپەیمانییەك كە بەلیستێكی هەڵبژاردنەوە بێنە سەر ساحەكەو چانسی خۆیان تاقیبكەنەوە بۆ بەشداریكردن لەدەسەڵات و بریاری سیاسی لەكوردستاندا؟.

لەدوای بیستو شەش ساڵی رێك لەئەزمونێكی شكستخواردوی حیزبە كلاسیكیەكان، دوای ئەو هەمو هەلە مێژووییەی بۆ كوردو حیزبەكانی هەڵكەوت بۆ دامەزراندنی حوكمێكی رەشید و دیموكراتخواز، دەركەوت كە ئەم دەسەڵاتە تەقلیدییەی هەرێم هیچی لەباردا نیەو توانای خۆ گۆڕینی نیەو، ئەوانە تەنها لەگەندەڵی ودزیو فیزیدا وەستاو شارەزان، لە مەسەلەی حوكمرانیشدا كۆلەوارو دواكەوتون، بۆیە ئێستا كاتی ئەوە هاتوە وەكو مەسەلە عەرەبیەكە ئەڵێ " بەدستی خۆم ، نەوەك بەدەستی عەمر" خۆیان موبادەرە بگرنەدەست و ریزەكانیان یەكبخەن و لیستێكی هەڵبژاردن ئامادە بكەن كە تەنها ئەو رۆشنبیرە ئازادانە لەخۆ بگرێ كە چەندین ساڵە هەوڵی گۆڕانكاری لەناو كۆمەڵگەدا ئەدەن. تەنانەت ئەگەر  نەتوانن كورسی پێویستیش بێنن بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات، لانیكەم ئەگەر  یەكدو كورسی پەرلەمانیش بەدەست بێنن ئەوسا ئەتوانن شەڕی خۆیان بگوازنە ناو پەرلەمانەوە و لەوێ روبەروی ناعەدالەتیو گەندەڵی ببنەوە ، هەر لەوێش دەتوانن دەنگی خۆیان بگەیەننە دەسەڵات و لێپرسینەوەش بكەن لەگەندەڵكاران و كارێك بكەن لەبەرژەوەندی میللەتەكەیاندا بێت.

پێموایە تەنها لەو رێگایەوە كە ئێستا هەلەكەی گونجاوە دەتوانن درێژە بە شەڕی خۆیان بدەن لەپێناو چەسپاندنی دەسەڵاتیكی دادپەروەرو دیموكرات كە میللەت لەژێر سایەیدا بحەسێتەوەو، كۆتاییش بەم هەمو كارەساتو نەهامەتیانە بێنن كە ئێستا وڵاتەكەمانی وێران كردوە.. با ئەمجارەیان بەدەستی خۆمان گۆڕانكارییەكە بكەین ، نەوەك بەدەستی عەمرو زەید





ماڵباتی بارزانی .. سێكوچكه‌ی وێرانی
یاسای ( ماگنیتسكی ) و نامه‌یه‌ك بۆ پاراستنی پارتی
كوشتنی به‌ كۆمه‌ڵ له‌هه‌رێمی كوردستان
جارێكيتر پۆسته‌كه‌ى سه‌رۆك كۆمارى عيراق
ململانێی پارتی ویه‌كێتی له‌سه‌ر پۆسته‌كانی هه‌ولێرو به‌غدا
پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق لەنێوان كوردو سوننەی عەرەبدا
دیمەنی هەڵبژاردنەكانی داهاتوی پەرلەمانی كوردستان
پارتی وسلێمانی
حكومەتی دەوڵەتمەدارو مەجلیس تەنفیزیەكەی جاران
من و مام جەلال لەفرۆكەخانەی لوبنان
كاك نەوشیروان و خیانەتەكانی پارتی
هیوایەتی گەنجەكان
یەكێتی و چارەنوسێكی هاوشێوەی پارتی
لیستی رۆشنبیرانی ئازاد بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوی پەرلەمان
حەفتاكانی هەولێر
1234

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە