كاك نەوشیروان و خیانەتەكانی پارتی
شێرزاد شێخانی
PM:02:19---14-02-2018
ئه‌م بابه‌ته 2441 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

لەسەروبەندی ساڵی 2000 داو لەسەر داوای هاوڕێی خۆشەویستم كاك نەوشیروان مستەفا كتێبە نایابەكەی بەناوی ( خولانەوە لەناو بازنەدا ) وەرگێڕایە سەر زمانی عەرەبی . بەماوەیەكی كورت كتێبەكەم تەواوكردو دواتر خرایە سەر كۆمپیوتەرو ئامادەكرا بۆ چاپكردن . ماوەیەكی زۆر چاوەڕێمان كرد تا ببرێتە چاپخانەو بڵاو بكرێتەوە ، بەڵام هیچ دەنگی نەبو . پاش ماوەیەك سەردانی بەڕێزیانم كردو لەچارەنوسی كتێبەكەم پرسیەوە ، لەوەڵامدا پێیوتم " لەسەركردایەتییەوە داوایان لێكردوم بڵاوكردنەوەی رابگرم چونكە هەندێ شتی تیایە لەوانەیە دڵی پارتی عاجز بكات ". هەڵبەت بەبۆچونی خۆم ئەم داوایە لەلایەن مامی گەورەمان بوە ، چونكە لەكتێبەكەدا كاكە نەوە زۆر بەراشكاوی باسی هەڵوێستەكانی پارتی كردبو لەمەڕ دانوستانەكان ، مامیش هەمیشە سیاسەتەكەی وابوە لەپێناو یەكڕیزی وتەبایی كورد پارتی و سەرانی ئیستفزاز نەكرێن بەتایبەتیش لەو سەردەمەدا كەشێكی تۆزێ ئارام باڵی بەسەر كوردستاندا كێشابو دوابەدوای رێكەوتنی واشنتۆنی ساڵی 1998 و رێگای هاتوچۆی نێوان هەردو زۆنی سەوزو زەرد خەریكبو ئاسایی ئەبوەوە . تەنانەت سیاسەتی یەكێتی لەو كاتەدا رێگای نەئەدا باسی خیانەتە مێژووییەكەی پارتی لە 31 ئابیشدا بكرێ. هەرچەندە كتێبەكەی كاك نەوە بەهایەكی زۆر گەورەی هەبو بۆ ئەوەی میللەتانی تریش بەتایبەت عەرەب حەقیقەتی شكستهێنانی دانوستانەكانی كوردو بەغدا تێبگەن ، بەڵام كارەكە نەكراو تا ئەمڕۆش ئەم كتێبە رووناكی نەبینیوە ..
زیاتر لەسێ مانگە لەدوای روداوەكانی 16 ئۆكتۆبەرەوە میدیاكانی پارتی بەرەسمی و سێبەرەكانیەوە رۆژانە بەدەقەو سەعات بەردەوام باس لەخیانەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و فرۆشتنی كەركوك ئەكەن ، بەموناسەبەو بەبێ موناسەبەش ئەم قەوانە دوبارە ئەكەنەوەو هەڵوێستی بەشێك لەسەركردە گەنجەكانی یەكێتی سەبارەت بەكوشتنەدانی رۆڵەكانمان بەخیانەت وەسف ئەكەن . رۆژیك لەرۆژان هیچ یەكێك لەسەركردەكانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی داوایەكیان لەو میدیایانە نەكرد ئەم هەڵمەتە چەواشەكارییە رابگرن ، هەڵبەت مەبەستیشیان لەدوبارەكردنەوەی ئەم قەوانە سواوەوە ناشرینكردنی یەكێتی نیشتمانییە ، ئەگینا ئەوان دەیانجار خیانەتیان لەمیللەت و خاكو نیشتمان كردوەو پێویست ناكات بەبیریان بێنینەوە.
هیچ یەكێك لەم میدیا فەرمی و سێبەرانەی پارتی باسی ئەوە ناەكەن هۆكاری ئەو روداوەی كەركوك وناوچە دابڕاوەكان چی بوە ؟ كەسیان ناپرسێ بۆچی سەركردەكانیان ئەوەندە سووربون لەسەر ریفراندۆمە فاشیلەكەی سەرۆكیان كە سەبەبی سەرەكی ئەو روداوانە بو . كەسیان ناپرسێ بۆچی بارزانی و سەرانی حیزبەكەی گوێیان لەهاواری كەركوكیەكانو سەركردایەتی یەكێتی نەگرت بۆ دواخستنی ریفراندۆمەكە بەتایبەتیش لەكەركوكو ناوچەدابڕێنراوەكاندا. كەسێكیان ناڵێ " باشە مادام تاقمێكی ناو سەركردایەتی یەكێتی بەرگرییان لە كەركوك نەكرد ، كەواتە بۆچی هێزەكانی پارتی نەهاتنە دەنگ و رووبەرووی حەشدو سوپای عیراق نەبونەوە؟. كەس ناپرسێ دوای كەركوك كە تۆزێك موقاوەمەی تێداكرا لەلایەن بەشێك لەهێزەكانی یەكێتیەوە ، بۆچی پارتی لەناوچەكانی تری دەشتی نەینەوا تا سەر سنوری ئیبراهیم خەلیل تەسلیم بە بەغدا كردەوە؟
ئەو شینو شەپۆرەی پارتی بۆ كەركوك ئەیكات بۆ خاكی نیشتمانەكەمان نیە بەقەدەر ئەوەی گریانە بۆ نەوتەكەی بای حەسەنو هاڤانە. ئەوەی لەكەركوك رویدا گڕی لەرۆحی پارتی بەردا بەوەی سێ بەشی پارەی نەوتی دزراوی كوردستانی لەدەست دەرهێنا. هۆكاری سەرەكی ئەو روداوەش تەنهاو تەنها سیاسەتەكانی پارتی بوە بۆ لاوازكردنی یەكێتی و ، نەتیجەی ئەو پیلانە بوو بۆ لەتوپەتكردنی یەكێتی كە لەوەتەی نەخۆشكەوتنی مام جەلالەوە پارتی كاری لەسەر ئەكرد. چونكە ئەگەر یەكێتی ریزەكانی بەم شێوەیە پەرتەوازە نەبوایەو مەركەزێكی بەهێزی وەكو جارانی لەناو سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا هەبوایە، كەس جورئەتی نەئەكرد لەدەرەوەی سەركردایەتی یەكێتیەوە بریار بدات .
ئەوەی روویدا نەتیجەی غرورو دیكتاتۆرییەتی پارتی بو كە ویستی هەمو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانو میللەتەكەیشی بكاتە كۆیلەی گوێڕایەڵی خۆی . ئێستاش دوای ئەم هەمو كارەساتە سەرانی پارتی هاتوهاوارییانە بۆ یەكڕیزی وتەبایی كە دوای كەشفبونی پیلانو مەرامەكانی پارتی مەحاڵە جارێكتر بێتە كایەوە . بەر لەوەی سەرانی پارتی داوای تەبایی و یەكڕیزی لەلایەنەكان بكەن ، مەفروزە پیاوێكیان هەبێ ئەم هەڵمەتە چەواشەكارییەی بەرامبەر بەیەكێتی رابگرێ ، یاخود لانیكەم بیر لەوە بكەنەوە كە ئەوان خۆیان گیانیان پڕیەتی لەخیانەت لە خاك و نیشتمان ومیللەتەكەیان ، پێویست ناكات هەڵوێستی نیشتمانپەروەریو كوردانەمان بەسەرا بفرۆشنەوە ..





ماڵباتی بارزانی .. سێكوچكه‌ی وێرانی
یاسای ( ماگنیتسكی ) و نامه‌یه‌ك بۆ پاراستنی پارتی
كوشتنی به‌ كۆمه‌ڵ له‌هه‌رێمی كوردستان
جارێكيتر پۆسته‌كه‌ى سه‌رۆك كۆمارى عيراق
ململانێی پارتی ویه‌كێتی له‌سه‌ر پۆسته‌كانی هه‌ولێرو به‌غدا
پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق لەنێوان كوردو سوننەی عەرەبدا
دیمەنی هەڵبژاردنەكانی داهاتوی پەرلەمانی كوردستان
پارتی وسلێمانی
حكومەتی دەوڵەتمەدارو مەجلیس تەنفیزیەكەی جاران
من و مام جەلال لەفرۆكەخانەی لوبنان
كاك نەوشیروان و خیانەتەكانی پارتی
هیوایەتی گەنجەكان
یەكێتی و چارەنوسێكی هاوشێوەی پارتی
لیستی رۆشنبیرانی ئازاد بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوی پەرلەمان
حەفتاكانی هەولێر
1234

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە