جیهان لەژێر چاودێری گەنجاندایە
هونەر تۆفیق
PM:12:26---25-07-2018
ئه‌م بابه‌ته 356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

پیران، ڕدێن سپیان و پیاوانی بەتەمەن لە هەموو سەردەمەکاندا دەمڕاست و چاودێربوون بەسەر کۆمەڵگەوە. ئەو پلەیەی پیران بەدەستیان هێنابوو لە ئەنجامی ئەزموونی ژیان و تەمەنەوە پێیان بەخشرابوو، ئەوان سەرچاوەی زانیاری و پەیڤی مەعریفی بوون، قسەکانیان دەکرا بە ئامۆژگاری. 

وێنای خواوەندیش لە هەموو ئایینەکاندا لە لاشعوری مرۆڤدا کێشرانەوە کە پیاوێکی ڕیش و پۆشاک سپی پیری نورانی پڕ زانیاری یە و چاودێری کردارەکانی مرۆڤ دەکات. تەسەوری زۆرینەی ئایینەکان بۆ خودا لەو تێگەیشتنەوە هاتووە کە دەبێت بڕیار و زانیاری و چاودێری کۆمەڵگە لەدەست پیراندا بێت.

هاوکات لەگەڵ دروست بوونی دەوڵەتی مەدەنیدا، خواوەند دەستەڵاتی چاودێری و زانیاری خۆی لەگەڵ دەوڵەتدا بەش دەکات، دەوڵەت دەوڵەمەندترین دەزگایە لە بوونی زانیاری و چاودێری کردندا، ئەوەی خواوەند لە نهێنی و پێچ و پەنا شاراوەکانی مرۆڤی دەزانێت، دەوڵەتیش وەک ئەوەی نابینرێت بەڵام هەموو شتێکمان دەبینێت و ئاگاداری هەموو کردارەکانە، دەوڵەت هەمان ڕۆڵی پیاوە ڕیش و پۆشاک سپی یەکەی ناو لاشعور دەبینێت کە چاودێرێکی پڕزانیاریە بەسەر تاکی کۆمەڵگەوە. دەزگا سیخوڕیەکانی دەوڵەت لە جۆریFBI و CIA و مۆساد و MI6 وSIS دا هەموو زانیاریەکیان سەبارەت بە هاوڵاتیان لایە و مرۆڤ لەهەر کوێ بێت دەتوانن چاودێری بکەن. 

ئەوە جیهانی پیران بوو، جیهانێک گەنج تیایدا تەریک و چەپەک بوو، لەپاشکۆی پیرەمێردە ڕدێن سپیەکاندا کەم زانیاری بوو، دەستەڵاتی چاودێری و زانینی کەم بوو. دەبوو لە ئەزموونی پیرانەوە بزانێت و فێربێت.

بەڵام لەئێستادا گەنجان کۆتاییان بە ئیحتکار- مۆنۆپۆلکردنی پیران و دەوڵەت هێناوە .تەنانەت زۆر زیاتر لە زانین و زانیاری دەوڵەت دەوڵەمەندترن. ئاگاداری هەر گوتەیەکن لەهەر کوێ ی دنیادا بەهەر زمانێک بگوترێت و بنوسرێت!! گەنجان ئاگایان لەهەر وێنە و ڤیدیۆیەکە لەهەر سوچێکی دنیادا بگیرێت، ئاگایان لەهەر جوڵە و گواستنەوەی هەر مرۆڤێکە لە گۆی زەویدا ببزوێت. هەموو ئەم زانیاریان لە سندوقی گەورە و زەبەلاحدا (هارد دیسک) بە بەرچاوی دەوڵەت و پیران و خواوەندەوە کۆدەکەنەوە و هەڵیدەگرن تا هەتایە.
 
لە ئێستادا هەردوو دەزگای گۆگلە و فەیس بووک  کە خاوەنەکانیان سیرگی و لاری و مارکە ، گەنجانی سەردەمی تەکنەلۆژیای زانیارین، دەوڵەمەندترین مرۆڤێکن لە مێژووی بەشەریەتدا بەو هەموو زانیاریە ورد و بەدیقەتانەی لەبەردەستیاندایە و لای خۆیان خەزنی دەکەن، هیچ دەوڵەتێک، هیچ دەزگایەکی ئیستخباری، هیچ بانکێکی زانیاری بەقەد سەعاتێکی ئەوان زانیاری وردیان لەسەر مرۆڤ نیە. لەڕێگەی مۆبایلە سمارتەکانەوە دەتوانن لەهەموو جوڵە و گوتە و وێنەیەکمان ئاگاداربن، ئەوان چاودێری ڕاستەقینەی ئەم سەردەمەن بەسەر مرۆڤایەتیەوە. دەستەڵاتی مەعریفەی هەموو مرۆڤایەتی لەلای ئەوانە، بۆیە جیهان لەدەست پیران و دەوڵەت و خواوەندا نەماوە و ئێستا لەژێر دەستی گەنجاندایە.







زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە