ملکەچی ئاسمان
هونەر تۆفیق
PM:01:41---21-01-2019
ئه‌م بابه‌ته 381 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

جەنگی جیهانی یەکەم ، کۆتایی جەنگی کلاسیکی بوو لە جیهاندا . جەنگەکان لەسەر زەویەوە گواسترایەوە بۆ ئاسمان . هێز و دەستەڵاتی مرۆڤ گەیشت بە ئاسمان . دابەشکردنی جیوگرافی ئاسمانیش بوو بە جۆرێک لەسەروەری دەوڵەتەکان . 
لە ئێستادا جەنگەکان لە ئاسمانەوە حەسم دەکرێن . لە ئاسمانەوە گەلانی تر ملکەچی هێزی دەرەکی دەکرێن .
هێزی ئاسمانی لە باڵاترین قۆناغی تەکنەلۆجی و داهێنان و پێشبڕکێ ی نێوان گەلاندایە . شانازی هەر سوپایەکی ئازا لە پێشکەوتووی هێزە ئاسمانیەکەیدایە . هێزەکانی سەر زەمین ( پیادە ) لە تاریفی سەربازی نوێدا هێزی ( پاتاڵ) لاوەکین . دەستەڵاتی ئاسمان و هێزی فڕۆکەکان شکۆ دەدەن بە هێزی زەمینی . هەر هێزێکی زەمینی لەئاسمانەوە پارێزراونەبێت ، بریتی یە لە هێزێکی کورد گوتەنی ( تڕە هێز) 
هەر دەوڵەت یان گەلێک هێزی ئاسمانی لاواز یان نەبێت ، بریتی یە لە دەوڵەت - گەلێکی ملکەچی هێزی ئاسمانی وڵاتانی تر . 
جەنگی سوریا دوا وێنەی شەڕی هێزە ئاسمانیەکانی جیهانە . ئاسمانی سوریا لە نێوان ئەمریکا و ڕوسیادا دابەشکراوە . بەشی خۆرهەڵاتی فورات لەژێر هەیمەنەی هێزی ئاسمانی ئەمریکادایە . هەموو جوڵەکانی سەر زەوی بەپێ ی ئەو دەستەڵاتەی ئاسمانی خۆرهەڵاتی فورات دیاری دەکات دەجوڵێنەوە . لەخۆرئاوای فوراتیشەوە ئاسمان بەدەست ڕوسیاوەیە . واتە زەمینی خۆرئاوای فورات ملکەچی دەستەڵاتی ئاسمانی ڕوسیایە .
هەرێمی کوردستان لە ڕێژەی سفری هێزدایە بەپێوەری هێزی ئاسمانی جیهانی . لەبری سەرفکردنی ئەو هەموو پارە و سامانە زەبەلاحە لە کۆلیژە داتەپیوەکانی بەرهەمهێنانی تەمبەڵی لە کوردستاندا ( ئەگەر بیەوێت ) دەتوانرێت لە زانکۆکاندا بایەخ بە تەکنەلۆژیای فڕین و هێزی ئاسمانی بدرێت . ئەو پارەیەی لە کۆلیژەکانی شەریعەت و ئیعلام و ...هتد ، ئەو بودجەیەی بۆ سەما و گەعدە و شاجوان و سەفرەکانی وەزارەت و پارلەمان لەخۆڕا خەرج دەکرێت ، تەرخانبکرێت بۆ بەرهمهێنانی پسپۆڕ و کادیری بواری تەکنەلۆژیای ئاسمانی ، دەنا هەتا هەتایە وەک گەل و نیشتمان و حکومەت ، لە زومرەی ملکەچەکانی ئاسمان دەبین . وەک چۆن لە ئێستاوە ملکەچیەکانمان هەست پێدەکەین .






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە