کاتێک میدیا دەبێتە ئامێرێکی گەورەی درۆکردن: رۆژنامەی باس وەک نموونە
مەریوان وریا قانع
PM:03:24---04-07-2017
ئه‌م بابه‌ته 1711 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

دوێنێ، ڕۆژی دووشەمە ڕێکەوتی ٣ -٧، لەگەڵ کاک ئاراس فەتاح دا لە شاری کەلار کۆڕێکمان لەسەر گوتاری سەربەخۆیی و مەسەلەی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی پێشکەشکرد. کۆڕەکە بەڕادەیەکی سەرسوڕھێنەر قەرەباڵغ بوو، ھەندێک لەوانەی ڕێکیانخستبوو دەیانگوات زیاد لە ٣٠٠ کەس ھاتبوون، لەکاتێکدا پلەی گەرما لەسەروی پەنجاوە بوو. لە کۆڕەکەدا ٦ تا ٧ کەسی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانی تێدابوو، کە چەند کەسێکیان نەک گەنج نەبوون بەڵکو کەسانێکی بەساڵاداچوو بوون، دیاریشبوو نێردرابوون بۆئەوەی بەرگریی لە پارتی و بارزانی بکەن. چونکە ھەندێکیان دوای ئەوە قسەکانی خۆیان کرد نەوەستان وەڵام وەربگرنەوە و ڕۆیشتن.
لە کۆڕەکەدا زیاد لە بیست کەسێک پرسیار و ڕاگۆڕکێیان کرد کە کەسیان بەرگریی لە پارتی و ریفرانۆدمەکەی بارزانی نەکرد، کەسیشیان ھێرشی نەکردە سەر ئێمە لەسەر ریفراندۆم. بۆ نموونە چەند گەنجێک باسیان لە لاوازی ئینتیما بۆ نیشتیمان و بۆ کۆمەڵگا کرد، خانمێک باسی لە بێڕێزیی بەرامبەر بە ژنان و نەبوونی ھیچ بنەمایەک بۆ پێکەوەژیانی ھاوبەش کرد، ھەندێک کەس باسی نیتشەیان کرد و کەسێکی دیکە باسی ژنە فەیلەسوفی ئەڵمانی ھانا ئارێنتی کرد، کەسانێکی دیکە باسی ھەندێک لە مەترسییەکانی ریفراندۆمیان کرد و قسەکانیان باسکردنی قەیرانەکانی ناو ھەرێم بوو، ھەندێکی تر باسی نەمانی متمانەی تەواو بە پارتە سیاسییەکانی کوردستان کرد و پێیان لەسەر پارچەپارچەیی کۆمەڵگای کوردستانی، داگرت. ھەندێکی تر ڕەخنەیان لە کۆمەڵگای کوردی گرت و وەک کۆمەڵگایەکی تەسلیمبوو ناونوسیان کرد، پێیاوابوو وزەی یاخیبوون لەم کۆمەڵگایەدا نەماوە، کەسانێکی دیکە پرسایری ئەوەیان کرد ئەگەر بارزانی دەوڵەتی دروستکرد ئایا چ جۆرە دەوڵەتێک دروستەکات؟ ئەو دەوڵەتە چ شوناس و دەزگا و یاسایەکی دەبێت؟ ئایا نابێت بە دەوڵەتی بنەماڵە و خێزانێک؟ ھەندێکی تر باسی ئەوەیان کرد کە ئەزموونی ھەرێم ئەزموونێکی تۆتالیتاریی تەواوە، کەسانێکی تر ڕەخنەیان لە من گرت کە گوایە نووسەرێکی گەشبینم و تا ئێستاش باوەڕم وایە کە پارتە سیاسییەکانی کوردستان شتێک بۆ کۆمەڵگا بکەن. کەسانێکی دیکە ڕەخنەی ناسیۆنالیزمی کوردیان گرت و ئەم ناسیۆنالیزمەیان بە تاوانباری ژمارە یەک دەزانی.
بەکورتی جگە لەو چەند کەسەی پارتی کە بەھەمان زمانی تەخوین و سەرکردەپەرستیی پارتی قسەیان دەکرد، کەسێک نەبوو لەناو ئەو ژمارە زۆرەی ئامادەبوواندا قسەکانی ناو ئەو مەھزەلە ئیعلامییەی پارتی دووبارە بکاتەوە کە ماوەیەکە بەشێوەیەکی سیستماتیک دەستیانداوەتێ. جگە لەھەموو ئەمانەش گەنجانی کەلار نەک بەگژ ئێمەدا نەچوونەوە، بەڵکو ھەموو ئەوانەی لەوێبوون شاھێدن، بەو چەند کەسە کەمەی پارتی خۆشیانەوە، کە لە دوای تەواوبوونی کۆڕەکە ژمارەیەکی ھێجگار گەوری ئامادەبووانی کۆڕەکە بە خواست و حەزێکی بەرچاوەوە لەگەڵ کاک ئاراس فەتاح و مندا کەوتنە وێنەگرتن، بەجۆرێک ئێمە نزیکەی زیاد لە سەعاتێک لەناو ئەو گەرمایەدا لەگەڵ ئەو گەنجانەدا ماینەوە و بە سەدان وێنەمان گرتوە. ئەم کۆڕەی کەلار، بە پێچەوانەی درۆکانی ڕۆژنامەی باسەوە، یەکەم کۆڕە من بیگرم ئەو ژمارە زۆرە لە گەنج لەدوای کۆڕەکەوە لەگەڵمدابن و ئەو ھەموو وێنەیەم لەگەڵ بگرن.
کەمێک ئەخلاق بۆ ھەموو کەسێک پێویستە، بەتایبەتی بۆ میدیا.





‌کوشتنی سەدام حوسەین و ڕزگارکردنی سەدامیزم
پاریس و یاخیگەرە تازەکانی
عێراق لەبەردەم سیناریۆی بە یەمەن و بە سوریا بووندا
دژ بە نائومێدیی
سێ ڕۆژ خۆپیشاندان لە ھەولێر... ئازایەتییەکی کەم وێنە
ئەمریكا و بارزانی و ڕیفراندۆم
پێنج سەرنج لەسەر هەڵبژاردنەكانی بزوتنەوەی گۆڕان
کاتێک میدیا دەبێتە ئامێرێکی گەورەی درۆکردن: رۆژنامەی باس وەک نموونە
ریفراندۆم و شەرم
ترامپ دوای سەد رۆژ حوکمڕانیی‌
ئامۆژگارییه‌كی كورت‌ بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
هێرش بۆسه‌ر سنجار

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە