پێنج سەرنج لەسەر هەڵبژاردنەكانی بزوتنەوەی گۆڕان
مەریوان وریا قانع
PM:01:53---26-07-2017
ئه‌م بابه‌ته 1928 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

یەكەم: لە دوای مردنی نەوشیروان مستەفاوە پارتی و یەكێتی چاوەڕوانی ئەوەبوون بزوتنەوەی گۆڕان نەتوانێت لەدەوری هاوبەشێك كۆببێتەوە و بۆ چەندان پارچە و ئارستەی جیاواز دابەشببن و وەك بزوتنەوەیەكی كۆگیر كۆتاییان پێبێت..
ئەمەشیان بە ئەمریكییەكان و وڵاتانی تر وتبوو. بەڵام ئەوەی بینیمان پێچەوانەی ئەمە بوو، ئەم بزوتنەویە لەماوەی نزیكەی دوو مانگدا، پێچەوانەی ئەو چاوەڕوانییەی سەلماندو تاڕادەیەكی باش بەسەر ناكۆكییە ناوەكییەكانیاندا زاڵبووەو خۆی وەك بزوتنەوەیەكی كۆگیر ڕێكخستۆتەوە. ئەمەش سەرەتایەكی ماقوڵە و پێویستی بەقووڵكردنەوەو گەشەپێدانی زیاتر هەیە.
دووهەم: تا ئەم ساتە بزوتنەوەی گۆڕان بەسەر كێشەی تەوریسی سیاسیدا سەركەوتوەو لەدوای مردنی نەوشیروان مستەفاوە دەسەڵات لەناو بزوتنەوەكەدا نەگواسترایەوە بۆ كوڕ و برا و خزم و كەسوكارە نزیەكانی نەوشیروان مستەفا. 
تەوریسی سیاسیی نەخۆشی ژمارە یەكی ناو كایەی سیاسەتە لە كوردستاندا و خۆپاراستنی گۆڕان لەم نەخۆشییە كارێكی سیاسیی گرنگ و بەسودە. 
سێهەم: ئەو خاڵەی كە بزوتنەوەكە تیایدا دەرنەچووە و بەتەواویش فاشیل بووە سیاسەتی جێندەرو بەهێزكردنی پێگەی ژنانە لەناو بزوتنەوەكەدا. 
سەركردایەتییە تازەكەی ئەم بزوتنەوەیە سەركردایەتییەكی پاتریاركیی پیاوسالاریانەی تەقلیدییە و تەواو ناكۆكە بەخواستی سەرەكی ئەم بزوتنەوەیە لەبەرپاكردنی گۆڕانكاریی هەمەلایەن لەناو كۆمەڵگای كوردیدا. 
لەم ڕووەوە سەركردایەتی ئەم بزوتنەوەیە هەڵگری هەموو نەخۆشییەكانی تری ناو هێزە سیاسییەكان و ناو كەرتە تەقلدیی و دواكەوتوەكانی كۆمەڵگای كوردییە. 
چوارهەم: هەندێك لەوانەی لەم هەڵبژاردنەدا چوونەتە پێگەی سەرۆكایەتی و ئاستی باڵای بزوتنەوەكەوە كەسانێكن باشتربوو پشوو بدەن و شوێنی خۆیان بۆ خوێن و توانای نوێ بەجێبهێڵن. 
دەبوایە سەركردایەتیی بزوتنەوەكە ڕەنگدانەوەی پێگە جەماوەرییەكەی ئەم بزوتنەوەیە بێت كە پڕیەتی لەگەنجانی پڕ وزەو بەتوانا. 
دەبوایە سەرەتایەكی تەندروستیان بۆ ”خانەنشینبوونی سیاسیی" لە كوردستاندا بهێنایەتە كایەوە.
پێنجەم: شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان بێ پەڵە و نوقسانیی بەرچاو نەبوو، ڕێكەوتنی ژێربەژێر و تەوافوقی نادیموكراسییانە پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی لە مەساری ڕاستەقینەی خۆیا بردە دەرەوەو ئەو كەلەپوری هەڵبژاردنەی تیادا زیندووكردەوە كە لەناو یەكێتی نیشتیمانیەوە هاتووە، كەلەپوری دروستكردنی تەوافقێكی نادیموكراسییانە بەر لەپرۆسە دیموكراسییەكان. 
بە كورتیی، ئەوەی گۆڕان لە ئێستادا و لە دوای مردنی ڕێكخەرەكەیانەوە ئەنجامیانداوە، دەسكەوتێكی سیاسیی گرنگە بۆ بزوتنەوەكە، بەڵام گۆڕان بۆ ئەوەی بەردەوام بێت و بتوانێت هێزێك بێت هەندێك ئومێدی عەقڵانی لەسەر بینابكرێت، دەبێت بەسەر هەموو ئەو كورتهێنانەی ئێستایدا سەربكەوێت. 
گۆڕان لە ئێستادا خۆی لە دابەشبوون و پارچەپارچەبوون و تەوریسی سیاسیی پاراست، بەڵام بۆئەوەی بتوانێت هێزێك بێت بۆ گۆڕانكاریی پێویستە خاوەنی هێز و ئیرادەیەكی نوێ بێت و لەخەمی پیادەكردنی بەرنامە سیاسییەكەیدا بێت.





‌کوشتنی سەدام حوسەین و ڕزگارکردنی سەدامیزم
پاریس و یاخیگەرە تازەکانی
عێراق لەبەردەم سیناریۆی بە یەمەن و بە سوریا بووندا
دژ بە نائومێدیی
سێ ڕۆژ خۆپیشاندان لە ھەولێر... ئازایەتییەکی کەم وێنە
ئەمریكا و بارزانی و ڕیفراندۆم
پێنج سەرنج لەسەر هەڵبژاردنەكانی بزوتنەوەی گۆڕان
کاتێک میدیا دەبێتە ئامێرێکی گەورەی درۆکردن: رۆژنامەی باس وەک نموونە
ریفراندۆم و شەرم
ترامپ دوای سەد رۆژ حوکمڕانیی‌
ئامۆژگارییه‌كی كورت‌ بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
هێرش بۆسه‌ر سنجار

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە