‌کوردبوون لە سەردەمی عەولەمەدا
مەجید ساڵح
PM:06:37---15-06-2017
ئه‌م بابه‌ته 1107 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
بیری ناسیۆنالیزم لە دوو سەدەی رابردوودا لە ناو گەلاندا سەری هەڵدا و نە ئایننەکان و نە شوعیەت نەیانتوانیوە جێگەی پێ لەق بکەن، هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەڵگرانی بیری ناسیۆنالیزم  لەو ماوەیەدا سیستمەکانی پەروەردەو فێرکردن و کەناڵەکانی راگەیاندن و پێدانی زانیاریان کۆنترۆڵ کردبوو، دیوارێکی کۆنکریتیان بۆ دابڕانی کۆمەڵگا لە کۆمەڵگاکانی دیکە دروستکردبوو.

بیری نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە سروشتی و لەئەنجامی گەشەی ئابوری دروست نەبوو، بەڵکو تورکەکان لە ژێر کاریگەری ناسیۆنالیزمی ئەڵمانی و ئۆروپایی و ئێرانی لە ململانێ لە گەڵ ئینگلیز و تورک و عەرەبی بە هاندانی ئینگلیز بۆ دژایەتی کردنی تورک سەری هەڵدا..  بەڵام ئەم سێ نەتەوەیە (تورک- فارس- عەرەب) جامی غەزەبی نەتەوەیی خۆیان بەسەر کورددا رشت و وجگە لە داگیرکردنی ڵاتەکەیان، هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیشیان دا.. بەمجۆرە کوردەکانیش کەوتنە خۆیان و چەندین شۆڕشیان لە دژی ئەوان هەڵگیرساند، بەڵام هەموو جارێک بە هۆی ناکامڵی بیری بەتەوەیی لە ناو خەڵکدا سنوری شۆڕشەکان بەرتەسک و ژمارەی شۆڕشگێڕەکانیش لە چاو کۆمەڵگاکەدا زۆر کەم بووە.

ئێستا بە هۆی عەولەمەوە، بیری ناسیۆنالیستی لە ناو نەتەوە داگیرکەرەکانی کوردستاندا خەریکە بەرەو لاواز بوون دەچێ، بەڵام بیری ئیسلامی سیاسی (شیعە- سونە) جێگەی دەگرێتەوە، هەڵسوکەوت و تێفکرینی ئەمانەش بەرامبەر بە کورد هیچی کەمتر نییە لە ناسیۆنالیستە تورک و فارس و عەرەبەکان.. 

هیچ شاراوە نییە، لە ناو کوردیشدا، بە تایبەتی هەرێمی کوردستانی باشور، بە هۆی ئەزموونی خراپ و پڕ لە گەندەڵی و دزینی سەروەت وسامانی خەڵک و فەشەل هێنانی حکومەت لە دابینکردنی خۆشگوزەرانی و لانیکەمی ژیانێکی بەکەرامەت بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا، ئەم مۆدێلە لە ناسیۆنالیزم کە خولقێنەری هەموو ئەو نەهامەتیانەیە شکستی هێناوە. ئەم ناسیۆنالیستە رقاویە، کە باوەڕی بە هیچ جۆرە دامودەزگایەکی مەدەنی نییە و پەرلەمان و حکومەت و دەزگای دادوەری بە موڵکی خۆی دەزانێ، چیتر ناتوانێت قەناعەت بە خەڵک بکات کە دەتوانێت لە کوردستانێکی سەربەخۆدا بە ئەرکەکانی خۆی هەڵدەستێ؛ کەمترین متمانە لە نێوان کۆمەڵگا و ئەواندا نەماوە، هەر لەبەر ئەمەشە خەڵک نە باوەڕی بە حوکمڕانیەکەی دەکات و نە دڵی بە ریفراندۆم و پڕوپاگەندەکانی بۆ سەربەخۆییخۆشە.

لەئێستادا کۆمەڵگای کوردی گیریخواردوە لە نێوان بەرداشی تورک و فارس و عەرەبەکان کە باشترین هەڵبژاردەیان فەرمانرەوایەکی ئیسلامی مەزهەبیە، نێوان بەناو ناسیۆنالیستە کوردەکان کە دەیانوێت دیوارێکی کۆنکرێتی بە دەوری کۆمەڵگای کوردیدا بکێشن وئەزموونی ناسیۆنالیستەکانی فارسو تورک و عەرەب دووبارە بکەنەوە.

بە بۆچوونی من بێدەنگ بوونی نوخبەی سیاسی و رۆشنبیر و ئەکادیمی و.. کوردی لەم ئاست ئەم دۆخەدا، کۆمەڵگاکەمان پەلکێش دەکات بۆ ئەو ساتە وەختەی نازییەکان بەبیانووی تۆڵە سەندنەوە لە ئۆروپا، ئەڵمانیایان لە گەڵ خاک یەکسان کرد، ئەتاتورک بە ناوی پاراستنی رەگەزی تورک و رەزا شا بە ناوی پاراستنی ئێرانەوە دیکتاتۆریەتیان بەرقەرار کرد.

حەقیقەت ئەوەیە کورد ناتوانێت لە ناو سیستمیکی مەزاهەبیدا بژی، بەڵام ئەوە بیانوو نییە بۆ ئەوەی تەسلیم بە دیکتاتۆریەت بێت هەر لەبەر ئەوەی کوردە..

 خەباتی مەدەنی و دیموکراسی وئازادی و خۆشگوزەرانی لەمەولا گوڕوتین و پشوو درێژی زۆرتری دەوێت. ئەمەیە کوردبوون لە سەردەمی عەولەمەدا.






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە