عومەر فەتاح باسی دیموكراسی كرد
‎محەمەد نوری ئەحمەد
AM:11:51---20-11-2017
ئه‌م بابه‌ته 3042 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

لە میانەی كۆبوونەوەیەكی دەستەی كارگێڕی یەكێتی لەگەڵ نوێنەری یەكێتی ئەوروپادا ،یەكێك لەو قسانەی  لەمیدیا حیزبیەكەی خۆیاندا بڵاوكرایەوە ، قسەیەكی عومەر فەتاح بوو كە وەك كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە وەفدەكەی وتووە: كورد بە هەڵە لە دیموكراسی گەیشتوە ،دەبێت ئێتر بە خۆماندا بچینەوە .ئەمە ئەو قسەگرنگ وگەورەیە بووە كە ئەم بەڕێزە لەبەرامبەر وەفدی یەكێتی ئەوروپا كردوێتی .
ئەوەی تا ئێستا ئاگاداربین  كەئەم پیاوە كەم قسە دەكات لە هاوڵەكانی ناچێت كە هەندێكیان ئەوەندە  قسەی بێ مانا ریز دەكەن بە یەكەوە وەك حیكایەتی مێش كۆتایی نایەت.بەڵام ئەم قسەیەش دەكرێت بخرێتە نێو ریزی قسە بێ مانا و نادروستەكانەوە  . قسەیەك سەرچاوەی وتنەكەشی دەبێت هەر لەبەرپرسە وێرانكەرەكانی ئەم هەرێمەوە بێت .ئەوەی ئەو وتی كە كورد لە دیموكراسی نەگەیشتوە ،بەڵێ درووستە .ئەگەر لە دیموكراسی بگەیشتایە ئەوا نەیدەهێشت ٢٦ساڵ دوو حزب هەموو جومگەكانی دەسەڵات داگیربكەن ، وڵاتیش توشی دەیان بەڵا وكارەسات بكەنەوە.
وتنی ئەم جۆرە قسانە  گرنگ نییە بەهەمان شێوەش كەسەكە سەركردەیەكی كاریگەر و گەورە نییە تا قسەكانی توشی وەستان و سەرنجراكێشانمان بكات .هەموان كاك عومەر وسەردەمی دەسەڵاتەكەی دەناسین كە پێویست ناكات باس بكرێتەوە ،بەڵام وەستانمان لەسەر ئەو بێ منەتی و خۆبەزلزانی ئەم سیاسییە دۆڕاوانەی دونیای ئێمەیە كە بێ هیچ شەرمێك قسەی گەورە فڕی دەدەن، لەوێشەوە بیردەكەنەوە كە ئێمەی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە لەدیموكراسی نەگیشتووین گەرنا وڵاتمان نمونەیەكە بۆ دیموكراسییەك كە جێی شانازییە.
ئەوە ئێمە نین بە هەڵە لە ماناكانی دیموكراسی گەیشتوین ،ئەوە ئەو دووحزبەن كە لەم هەرێمەدا هەموو شكۆیەكیان بۆ هیچ شتێك نەهێشتەوە.ئەوە یەكێتی وپارتییە تاكە رێگا كە بیانبەستێتەوە بە نیشتیمانەوە رێگای تاڵانبردنی نەوت وسامانی گشتییە.ئەوە یەكێتی وپارتی بوو كە دیموكراسیان هەلا هەلاكرد ، بۆ مانەوەی خۆشیان سندوقەكانی دەنگدانیان پڕكرد لە دەنگی مردوو، لەپێناو دەنگی ساختە و كورسی پۆستەكانیشیان سەریان بەباوەشی هەموو نەیارێكدا كرد.
ئەوەی بەهەڵە لە دیموكراسی گەیشت ئەم سەركردانە بوون كە چل ساڵە خۆیان بەهەموو سوچێكی نیشتیماندا هەڵواسیوە، ئامادەش نین وازبهێنین و دان بەشكستی سیاسی و ئیداری خۆیاندا بنێن و رێی بدەن نەوەیەكی تازە ئەو كەوتنانەی ئەوان راستبكاتەوە .
كاك عومەر فەتاح ئەوەی بەهەڵە لە دیموكراسی گەیشتوە ،ئەوە ئێوەن كە لاتان وایە دەسەڵات تاپۆیەكە دەبێت تا دەمرن خاوەنی بن ،ئەوە ئێوەن دیموكراسی لە ئۆتۆمبێلە دەرع و جام رەشەكانتانەوە  لێی دەڕوانن،  لاتان وایە ئێستاش میلەتێك ئامادەیە گوێ لە قسە سواو بێ ماناكانتان بگرێت كە لەدوای راپەڕینەوە سەری نەوەیەكتان پێ سپی كرد .ئەوەی بەهەڵە  لە دیموكراسی گەیشت ئێوە بوون كە هەرساتێك چارەنوسی ئەم هەرێمە دەسپێرن بە بڕیارێكی نالۆژیكی وبێ بنەما. وەك چۆن ریفراندۆمێكتان كرد لەجیاتی گەڕانەوەی شكۆ بۆ ئەم وڵاتە زیاد لەسەداپەنجای خاكتان بە چاوسوركردنەوەیەك تەسلیمكردەوە.
هاوڵاتیان لەوێدا بە هەڵە لە دیموكراسی گەیشتوون كە ئێستاش لەو خەیاڵەدابن كە ئێوە وپارتی دەتوانن بگۆڕدرێن یان چاكسازی ریشەیی بكەن و هەنگاوێكی نوێ بەم هەرێمە بنێن ،لە كاتێكدا بە هەموو پێوەرەكان ئەوەمان بۆ تۆخدەكەنەوە بوونی ئێوە وهاوشێوەكانتان نەك سانتیمەترێك هەرێم دەباتە پێشەوە بەڵكو دەیان  كیلومەتر دەمانهێنێتەوە دواوە.
لەدوای  قسەیەی ئەم بەرپرسەی وڵاتی نەوتبەران ، بۆچونێكی فەرانك فۆریدی دێتەوە یادمان ،فۆریدەی لە كتێبی (ئەم هەموو رۆشنبیرە چییان لێهات؟) ئاماژە بە تاقیكردنەوەیەك دەكات كە بۆگوتارو روونبێژی وقسەی هەندێك لە بەرپرس وسەركردەكان كراوە ،ئەو دەنوسێت : لەو تاقیكردنەوەیەدا  دەركەوتوە هەندێك بەرپرس وسەركردە شایستەی ئەوەن پلەی سفریان پێ بدرێت ودوربخرێنەوە لە هەموو قسەكردنێك . ئێمەش دەكرێت بڵێن :لەدوای ئەم قسە بێ مانایەی ئەم بەرپرسە ، یان فراوانتر بدوێن لەدوای قسەی هەموو بەرپرسەكانی ئەم دوو حزبە ،ئەگەر پێوەر هەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی وتە و تەسریح ودرێژدادڕییەكانیان نەك پلەی سفر دەهێنن ،دەبێت ژمارەیەك كەمتر لە سفر بدۆزینەوە بۆ ئەوەی لە بەرامبەر قسەكانیان پێیان بدەین.






ساڵی كەوتنی حورمەتی سیاسیی
ئەگەر نەوشیروان مستەفا بگەڕێتەوە ئەم گۆڕانە دەناسێتەوە؟
بۆیە ئەمە رونەدا، با ئەمەیان بكرێت
ئایا دەسڕێتەوە؟
یەكێتی دەچێتەوە ناو یاریگاكە؟
كێ قورئانەكەی دزی؟
پێش نۆمانگ لەمەوپێش، پێكەنین بە دیار دروستكردنی دەوڵەتەوە
با هەر بمێننەوە
تەقەی جام دێت
مەلابەختیار وكارەبا
عومەر فەتاح باسی دیموكراسی كرد
ئاواتەكەی موحسن حەكیم دێتە دی، كچانی ٩ساڵ ئامادەبكەن
كامیان خەتابارە یەكێتی یان پارتی؟
چی روویدا؟
با ئەزموونەكە تێكبچێت
123

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە