یەكێتی دەچێتەوە ناو یاریگاكە؟
‎محەمەد نوری ئەحمەد
PM:05:08---02-05-2018
ئه‌م بابه‌ته 22468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

دەنگ نادەین بە عومەر ئاغا

عەزیز نەسین لە چیرۆكێكدا كەناوی(دەنگنادەینەوە بە عومەر ئاغایە) كورتكراوەی چیرۆكەكەی بەمشێوەیە: لەسەرووبەندی هەڵبژاردنەكان ،كۆی خەڵكی ناوچەكە بڕیاردەدەن كە دەنگ نەدەنەوە بە عومەر ئاغا و سزای بدەن و دوری بخەنەوە لە دەسەڵات . بەڵام بە و پێیەی عومەر ئاغا دەسەڵات و قودرەت وتوانای هەیە ،دەتوانێت ئەم سیحرە بەتاڵبكاتەوە وقەناعەت بە دانیشتوانی ناوچەكەی بهێنێت كە دەنگی پێبدەنەوە ،بۆیە هەمدیس عومەر ئاغا دەردەچێتەوە.

لەمامەڵەكردن لەگەڵ یەكێتی زۆربەی  لەلایەنە سیاسییەكان توشی ئەو باوڕەبوون كە یەكێتی ئەمجارە دەنگ ناهێنیتەوە و بەتەواوەتی بەڕەكەی لەژێر پێ دەردێت ،لەكاتێكدا ئامار وداتا نافەرمییەكان ئەوە نیشان دەدەن كە یەكتیش وەك حزبێكی سیاسیی لە مونافەسەی توندایە لەگەڵ لایەنەكاندا ، ئەگەرێكی بەهێزشە كە ببیتەوە بە هێزی دووەم لەسەر گۆڕەپانی  سیاسیی كوردی .بۆیەچیرۆكەكە دوبارە دەبێتەوە ،عومەر ئاغا تەنها نابێت ودەردەچیتەوە و دەچێتەوە ناو یاریگاكە ،بەهەمان شێوەش هێزەكانی تر ناتوانن  لەم هەڵبژاردنەدا یەكێتی بخەنە سەر كورسی یەدەگ ،بەڵكو ئەویش دەچیتەوە ناو گۆڕەپانەكە..

چۆن یەكێتی وادەكات؟

یەكێك لەو پاڵپشتیانەی كە یەكێتی ئەمجارەلەهەڵمەتی هەڵبژاردن  بەكاری هێناوە : ناو و خۆشەویستی مام جەلالە  لەناو  كادر ولایەنگرانی حزبەكەی ،،ئەم ناوە وەك پاڵنەرێكی رەمزی وایكردوە كادیرانی  یەكێتی بە گروتینەوە بەشداری پرۆسەی بانگەشە و هەڵبژاردنەكان بكەن.

خاڵێكی تر بوونەوەبەیەكی بنەماڵەی تاڵەبانییە كە ئێستا وەك گروپێكی بەهێز لەم بانگەشەدا خۆیان نمایش دەكەن .(پێشتر لە نوسینێكمدا ئاماژەم بەوەدا هەرچەندە بیركردنەوەی ئامۆزاكان جیاوازبن لە كوڕەكانی مام ، یان ناكۆكیی لەنێوان پور و خوشكەزادا هەبێت ،بەڵام بۆ مانەوەی سەنگ و پێگەی سیاسیی وبەرژەوەندییەكانی خۆیان،  دەباشان كۆیان دەكاتەوە )ئێستا ئەو وێنە دەبینریت هەموویان وەك تیمێك كاردەكەن كە بۆخۆی قورسایی دەداتەوە پێگەی یەكێتی  لە لای دەنگدەرەكانیی.

خاڵێكی تر لەوەی كە یەكێتی دەتوانێت یاری بكاتەوە ئەو دروستكردنی هەستی قوربانییە كەلای كادر ولایەنگرانی دروستكراوە ،ئەوان بەوشێوە لە حزبەكەیان دەڕوانن كە هەمیشە كۆمەڵی كەسی گەورە وبەرپرس  لە حزبەكەیان جیابوونەتەوە ودەستبەرداری بوون و خەنجەریان لێداوە ،بۆیە ئەمجارە نایەنەوێت دابنیشن بەدیار شكستی خۆیانەوە،  بەڵكو دەیانەوێت وەك حزبێك خۆیان لەبەرامبەر نەیار و ركابەرەكانیان بسەلمێننەوە  .هەر بۆیە لە تەماشاكردنی نمایشی هەڵمەتەكاندا خەڵكانی ئاسایی ناو حزبەكە بە حەماسەوە بەشدارن لە بانگەشەكانی  هەڵبژاردن ،كەئەمەش باڵنەرێكی تری مەعنەوییە بۆ هەڵبژاردنەكان.

یەكێكی تر لە خاڵە گەورەكان ئەوەیە یەكێتی بەوپێیەی لەناو حكومەت ودەسەڵاتدایە دەتوانێت پێگەی ئیداریی ودارایی خۆی بەكاربهێنیت ،جالەڕێی فشارەوە بێت،یان لەرێی ئیمتیازات وپۆستەوەبێت.

یەكێتی ئەمجارە لەرێی هاندانی كادیرو لایەنگرانییەوە  هەڵمەتێكی پڕ جوڵەی بە حزبەكەی داوە ،بۆیە دەشبینرێت ئەمجارە هەڵمەتی هەڵبژاردنی یەكێتی زیاتر هەڵمەتی  هاواركردنە بۆ ئەوەی یەكێتی نەكەوێت ، بەكادرانی دەوترێت  رۆژی تەحدایە و یەكێتی لەكەوتن دەربازبكەن.

دورخستنەوەی روخسارەقبوڵنەكراوەكان

دەنگۆ هەبوو هەندێك بەرپرسی یەكێتی وەك سەرپەرشتیاری هەڵمەتەكە كاری خۆیان بكەن،باس لەوەدەكرا كە  یەكێتی لەرێی هەندی پلە باڵای مەكتەبی سیاسییەوە كاردەكات بۆ ئەوەی بانگەشەی هەڵمەتی هەڵبژاردن بكات (كەسانی وەك مەلابەختیار و چەند ناوێكی تر مەترەح بوو) ئەمەش كاردانەوەی توندی كادیرانی یەكێتی لێكەوتەوە ، بۆیە كاری یەكەم كە یەكێتی توانی لەم گەمەیەدا بیكات،  وەلانانی ئەو كارئاكتەرە  قبوڵنەكراوانە بوو لەلای خەڵك و بەكارهێنانەوەی سەرمایەی رەمزی تاڵەبانی لەرێی كوڕ و برازاكەیەوە بوو،كە ئەمەش دوبارە هێزێكی مەعنەوی تری دا بە هەڵمەتی هەڵبژاردن لای  یەكێتی.

لەپاڵ ئەمەشدا سپاردنی مەڵبەندی یەكیتی لە سلێمانی بە كەسێكی وەك حاكم قادر ،كە ئەم پیاوە كەسێكی كۆمەڵایەتییە وئامادەیی هەیە لەهەموو بۆنەكانی  زۆربەی خەڵكدا(تەنانەت ئەو قسەیە لەناو خەڵكدا بەتەواوەتی  بڵاوە دەڵێن: حاكم قادر تاكە كەسە لەناو بەرپرسانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی راستەخۆ خۆی وەڵامی تەلەفون دەداتەوە ).

یەكێكی تر لەویارییانەی ماڵی تاڵەبانی بۆ راكێشانی دەنگ كردیان ،دانانی شاڵاوی كوڕی كۆسرەت بوو بە بەرپرسی مەڵبەندی شارێكی گەورەی وەك هەولێر .پێشترئەو بۆچوونە چەسپی بوو كە كۆسرەت رەسوڵ لەرێی كوڕەكانیەوە كاردەكات بۆسەرخستنی حزبی هاوپەیمانی و چەند كاندیدێكی هەیە لەناو لیستەكەی بەرهەم ساڵحدا ،دانانی شاڵاو هەم پەیامێك بوو بۆ لایەنگرانی یەكێتی كە ئەم پیاوە هەر یەكێتییە وكاربۆ ئەو حزبە دەكات ،هەمیش ئەو دەرگایەی داخست لەسەرهەر هەوڵێك كە كۆسرەت بینیت بۆ پشتگیری لیستی هاوپەیمانی (چونكە شكستی یەكێتی لەهەولێر ،پێش هەموو شتێك  شكستی كوڕەكەی خۆیەتی)،لەسەروو ئەمشەوە كۆسرەت رەسوڵ بەوە ناسراوە كە هاوڕییەكانی لەنێوەی رێی بەجێ دەهێڵێت ، ئەزمونێكی دورودرێژیشی هەیە لەو یارییەدا .بۆیە ئەمجارە ماڵی تاڵەبانی جوڵەیەكی شەترنجی گەورەیان كرد كە هەر هەنگاوێك بەرامبەر بینیت ئەمان دەتوانن كش مەلیك بكەن

كەركوك ..شاری شەڕ یان یەكلابوونەوە

مەسەلەی ١٦ئۆكتۆبە رو وشەگەلی خیانەت و فرۆشتن و جاشایەتی لە هەولێر تا بازگەی پردێ ، لەسلێمانیش تا بازگەی قەرە هەنجیر بڕدەكات ،یان سادەتر بنوسین :یەكیتی دەتوانێت پارێزگاری لەپێگەی خۆی بكات لە كەركوك و قورسایی خۆی بەتەواوەتی نەدۆڕێنێت . رەنگەكورسییەكانی كەمبكەنەوە بەڵام یەكێتی بەهێزی یەكەم دەمێنیتەوە لەناو شاری كەركوك ،با بپرسین بۆ؟

١-هاوڵاتیانی كەركوك نایانەویت جوڵانەوەیەكی سیاسیی تاقی بكەنەوە كە هێزی چەكداری نەبێت ،چونكە ئەوان لەبەردەم مەترسی توركمان و عەرەبدان،بۆیە ئەو ختابە بە كەڵكی كەركوكییەكان دێت كە توند وسڵنەكەرەوە بێت(رەنگە تا ئێستا خەڵكی كەركوك بەتایبەت كوردەكان یەكێتی بەو هێزەدابنێن كە دەیانپارێزێت )

٢-ئێران  وەك یاریكەرێكی سەرەكی لەناو گۆڕەپانی عێراق نایەویت كەركوك بكەویتە ژێردەستی هێزە سونییەكان وتوركمانییەكان ،چونكە ئەمە بەمانای ئەوەدێت دەوڵەتی توركیا دەبێتە كلیل بەدەستی ئەو ناوچانە،بۆیە ئێران  هەم دۆست وهاوڕییەكەی لەپای ١٦ئۆكتۆبەر پاداشت دەداتەوە ،هەمیش دەیەوێت كەركوك بەدەست هێزە دۆستەكانی خۆیەوە بێت ،كە یەكێتی باشترین دۆست ویاریكەرە بۆ ئیران لەوناوچانەدا.

٣-بێزاری خەڵكی كەركوك  لە نەجمەدین كەریم ، زۆرێك لە دانیشتوانی كەركوك لە دڵەوە پێیان خۆش بوە كە ئەم پیاوە لە پارێزگاری دورخراوەتەوە ،تەنانەت لایەنگران و كادیرانی یەكێتی بونی نەجمەدین كەریم لەو پۆستە بە هۆكاری زاڵبوونی پارتیان دادەنا لەو شارەدا.

٤-ئەو رەگو ریشە مێژوویەی ماڵی تاڵەبانی لەناو شاری كەركوك هەیانە و لەپاڵ ئەوەشدا خۆشەویستی  بەشێكی زۆر خەڵكی ئەو شارە بۆمام جەلال ،دیسانەوە هێزیكی مەعنەوی دەداتەوە بە جوڵەی یەكێتی لەو شارەدا. 

بۆیەهەموو  ئاماژەكان بۆ ئەوە دەڕۆن كە یەكێتی هێزی یەكەم بێت لەشاری كەركوك،هەرچەندە گریمانەی ئەوە هەیە
كورسییەكانی كەمبكاتەوە لەو شارە ،بەڵام پارێزگاری لەژمارە یەكی خۆی دەكات لەناو هێزە كوردییەكاندا.

چی لێدێت؟
 
ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن یەكێتی بتوانێت لەم هەڵبژاردنەش لە رووی كورسی ودەنگەوە وەك هێزی دووەم بمێنیتەوە لەناو گۆڕەپانی ململانییەكانی كوردستان .یان وردتر بڵێن ژمارەی كورسییەكانی یەكێتی بۆ پەرلەمانی عێراق ،راستە كەمدەكەنەوە بەڵام  پلەی دووی دەبێت لە نەخشە گشتییەكەی كورسییەكانی كورد بۆ بەغدا .ئەمەش گریمانەیە بەڵام گریمانەیەك نزیكە لەو ئامار وداتا وپێشبینیانەی كە لە كۆتایی بانگەشەدا دەركەوتوون






ساڵی كەوتنی حورمەتی سیاسیی
ئەگەر نەوشیروان مستەفا بگەڕێتەوە ئەم گۆڕانە دەناسێتەوە؟
بۆیە ئەمە رونەدا، با ئەمەیان بكرێت
ئایا دەسڕێتەوە؟
یەكێتی دەچێتەوە ناو یاریگاكە؟
كێ قورئانەكەی دزی؟
پێش نۆمانگ لەمەوپێش، پێكەنین بە دیار دروستكردنی دەوڵەتەوە
با هەر بمێننەوە
تەقەی جام دێت
مەلابەختیار وكارەبا
عومەر فەتاح باسی دیموكراسی كرد
ئاواتەكەی موحسن حەكیم دێتە دی، كچانی ٩ساڵ ئامادەبكەن
كامیان خەتابارە یەكێتی یان پارتی؟
چی روویدا؟
با ئەزموونەكە تێكبچێت
123

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە