داهاتووی هەرێم لە عێراق
شادومان مەلا حەسەن
PM:03:54---17-02-2019
ئه‌م بابه‌ته 409 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
ساڵی 2005 دەستووری عێراق نووسرایەوەو لە هەمان ساڵ راپرسی گشتی لەسەركراوو بووە یەكەم دەستووری هەمیشەیی عێراق .دەستوورێك بەبەشداری زۆرینەی عێراقیەكان نووسرایەوە. ئەگەرچی عەرەبی سوننە بەشدارێكی لاوازیان هەبوو تاكو بۆشیان كرا دەنگیان بەنەخێردا, بەڵام وەكو نەتەوە عەرەب و كورد بەشداری سەرەكیان هەبوو لەم دەستوورە, كورد ئەوەی ئەوكاتە دەیخواست زۆرینەی جێگیركرد لە دەستووردا. ئەمەریكاو بریتانیاو زۆرینەی وڵاتانی رۆژئاواو نەتەوە یەكگرتووەكان لە نزیكەوە هەماهەنگ و چاودێربوون لەسەر نووسینەوەو جێگیركردنی ئەم دەستوورە, بۆ گەلی كورد لەمێژووی ناوچەكەو عێراق باشترین دەستوورە كە مافەكانی كوردی بەم شێوەیە تێدا دیاری كرابێ. بەڵام لەماوەی رابردوو بەهۆی سیاسەتی هەڵەی هەرێم و ناوەند دوور كەوتنەوەی زۆر روویدا لە نێوان هەردوولا.

ئەگەرچی لە رابردوو بەهۆی بارودۆخی ناجێگیری سیاسی و ئەمنی عێراق زیاتر سیماو خەسڵەتی جەنگ و شەڕی دژ بەتیرۆر لە ئارادابوو، بەڵام لە ئێستادا ووردە ووردە ئەمەریكا دەیەوێ عێراق بخاتە سەر سكەی راستەقینەی خۆی ,ئەویش بە گرتنە بەری هەموو ئەو رێوشوێنانەی كە هاوسەنگی و مافی وەك یەكی پێكهاتەكان دیاری دەكات، دەبی هەرێمی كوردستانیش لەو راستیە بگات ئەو ئێستا هەرێمێكە لە عێراق ئەو هەموو خۆ نەبانكردن و یاخی بوونەی هەر رۆژەی بەناوێك دەیكات بۆی ناچێتە سەر، چونكە هەرێم یەكانگیركراوە لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراق واقعی جوگرافی ناوچەكەش وا بەئاسانی رێگای پێنادات بەئاسانی لە عێراق جودابێتەوە. ئەوانەی ریفراندۆمیان كرد دەبێ ئێستا لەو راستیە بگەن و كار لەسەر قوڵكردنەوەی فشارەكانیان بكەن لە عێراق بۆ وەدەست هێنانی مافەكانی كورد كەوا دەستووری عێراق دیاری كردووە نەوەك هەر رۆژەی خۆ هەڵخەلەتاندنێك، تەنها لە پێناو قۆرخكردنی دەسەڵات و دزینی نەوت و سەرمایەی زیاتری ئەم هەرێمە.

سەركردایەتی سیاسی كورد بۆ خۆ شاردنەوە لە كۆمەلێك بابەتی یاسایی و قۆرخ كردنی دەسەڵات و بردنی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە ئەگەر چەند ئاراستەیەكی سیاسی گرتەبەر، جولە سەربازیەكانی عێراق لە 2017 بۆ خاوكردنەوەی ئەو بالۆنە سەختەكراوەی بەناو سەركردایەتی سیاسی كورد بوو، بەڵام لەمەولا ئەمەریكا كورد بە تێگەیشتنێكی تازەی كەوا هەرێمێكی فیدڕالی عێراقە دەیخاتەوە سەر سكە نەوەك وەك ئەوەی رابردوو كە كە حالەتێكی دیفاكتۆ بۆی خولقاندبوو.






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە