هەر كەركوكە پێوەری كوردبوون و كوردایەتی
دانــا زەنــدی
PM:04:04---19-02-2019
ئه‌م بابه‌ته 335 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
بۆ روونكردنەوەی ئەم تایتڵەی سەرەوە، دەخوازم دەستپێكی گوتارەكەم چەند پرسیارێكی روون و سادەبێت. ئایا كەركوك دڵ و قودسی كوردستان نیە؟ ئایا كەركوك بەشێك نیە لەخاكی كوردستان؟ ئایا دانیشتوانە رەسەنەكانی شاری كەركوك، بەجیاوازی ئەتنی و ئاین و ئاینزاكانیانەوە، بەهاونیشتیمانی كوردستان نازانن؟ ئایا ناخوازن داهاتی نەوتی كەركوك ببێت بەپایەیەكی گرنگی بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری كوردستان؟ ئایا ئەو هەموو خەبات و قوربانیدانەی كوردانی كەركوك لەپێناو پرسی كورد، نادیدەدەگرن؟ ئایا ناتانەوێ دان بەكوردستانی بوونی كەركوك بنێن؟ ئەمانە و گەلێك پرسیاری دیكەی هاوچەشن، ئاراستەی سەركردایەتی گشت حزبە كوردستانیەكان دەكەم. 

دەبێت وەڵامیان چیبێت بۆ ئەم پرسیارانە؟ بێگومان وەڵامی هەرهەموویان ئەرێنی نیە. بەڵام چۆن ئەرێنیەك؟! مەخابن من پێموایە هەروەك چۆن تیمساح لەكاتی جوینی لاشەی نێچیرەكەیدا فرمێسك دەڕێژێت، ئەمانیش هەربەوچەشنە فرمێسك بۆ كەركوك دەڕێژن. دیارە بەڵگەشم بۆ راستی و دروستی ئەم بۆچوونەم، ئەم رێكەوتنە بەرژوەندخوازانەی حزبە كوردستانیەكانە كە هەنوكە لە هەولێر و سلێمانی دەگوزەرێن.

هەڵوێستەكانی حزبە كوردستانیەكان سەبارەت بەدۆزی كەركوك هێندە روونە گەر بەسەرپێییش بڕوانینە سەودا سیاسیەكانیان سەبارەت بەكەركوك، دەبینین كە هەردەم موزایەدەی سیاسی سەبارەت بە چارەنوسی كەركوك مانشێتی سەرەكی راگەیاندنەكانیانە.

لێرەدا، بێگومان ئەم حوكمە گشتگیریەم بۆ سەرجەم حزب و لایەنە كوردستانیەكان، مایەی رەخنە دەبێت بۆ هاونیشتیمانیە بەویژدانەكانی ئەم كوردستانە، بەتایبەت كەركوكیەكان، بۆیە پێویستە هەڵوێستەیەك بكەین و كورد واتەنی"تەڕ بە ووشكەوە نەسوتێنین". 

بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنە سیاسیەكان لەسەر دابەشكردنی كێكەكەی حكومەتی هەرێم، دانشتنەكەی پەرلامان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی و متمانە بەخشین بەكابینەی نۆهەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چوار مانگ دوواخراوە. بەڵام بۆ رێككەوتن لەسەر بڕیارێك بۆ دەستنیشانكردنی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك، رێگەیان نەدا بۆ چەند سەعاتێكیش دانیشتنەكەی پەرلەمان دووابخرێت..!!

پارتی وەك هەڵوێست و ئەجێندای سیاسی هەمیشەیی خۆی كە هەردەم بەرژەوەندیە حزبیەكانی لەپێش هەموو رەهەندێكی نەتەوەیی و نیشتیمانیەوە داناوە، لەبەرئەوەی هیچ نفوزێكی نیە لەكەركوكدا و بەردەوام لەلایەن كەركوكیەكانەوە ئەم سیاسەتە خۆویستیەی پارتی رەتكراوەتەوەو مایەی قبووڵكردن نەبووە، ئەمە لەلایەك و لەلایەكی دیكەشەوە (پ.د.ك) وەك لایەنێكی نزیك لە دەسەڵاتی توركیا كە لەزۆر رووی بەرژەوەندی هاوبەشی سیاسی و ئابووریەوە بەسیاسەتە رەگەزپەرستانە و پاوانخوازیەكەی توركیاوە گرێدراوە، هەرگیز ناتوانێت بێقسەیی دەسەڵاتەكەی ئەنكەرە بكات كە بەئاشكرا و بێ‌ هیچ شەرمێك هەمیشە شاری كەركوك بەویلایەتی موسڵیشەوە بەبەشێك لە كۆماری توركیا دەزانن.

بۆیە لەئەنجامی ئەم هۆكارانەی سەرەوە، بەئاسایی دەزانم پارتێكی وەك (پ.د.ك) تاسەر ئێسقان دژایەتی كوردبوونی كەركوك بكات، چونكە بەهیچ جۆرێك و لەهیچ روویەكەوە لەبەرژەوەندی ئەودا نیە كەركوك بهێنرێتە ناو سنوری فەرمی هەرێمی كوردستان. باشە ئەی لایەنەكانی دیكەی ئەم هەرێمە بۆ ئەوەندە لاواز و بێهەڵوێستن سەبارەت بە پرسی كوردستانی بوونی كەركوك..؟!!

پێموایە گەر ژیرانە و ووردبینانە لێكدانەوە بۆ رەفتاری سیاسی گروپی لەپڕ هەڵتۆقیوی "نەوەی نوێ‌" بكرێت، زۆر بەڕوونی دەردەكەوێت كە شارگردێكی سیاسی (پ.د.ك)ن بەئیمتیاز، هەر لەسەر رێنماییەكانی پارتیش ئۆپۆزسیۆن بوونیان بۆ دیاریكراوە. لایەنە ئیسلامیەكانیش بەتایبەت "یەكگرتوو" كە لەم هەڵبژاردنەدا ئاستی دەنگەكانیان زۆر هاتووەتە خوارەوە و بەلینكی ئیخوانبوونیان بەدەسەڵاتەكەی "ئەردۆگانەوە" گرێدراون، بەهەمان شێوەی پارتی لەلایەن كەركوكیەكانەوە خۆشەویستنین. لێرەدا ئەوەی جێگەی سەرنجە بزووتنەوەی گۆڕانە.. بۆچی و بە چ هۆكارێك بووە بە یاریكەرێكی دیار لەم پلانەی دژ بە كەركوكیەكان و كوردستانی بوونی كەركوك..؟!

دیارە بەرتیلەكەی (پ.د.ك) بۆ بزووتنەوەی گۆڕان لەم پێكهاتەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كە بریتیە لە بەخشینی 18% پۆستەكانی كابینە نوێكە بەبزووتنەوەی گۆڕان لەكاتێكدا كە خاوەنی تەنها 12 كورسی پەرلەمانە، هەموو ئەو سوكایەتیانەی لەبیر بردوونەتەوە كە لەخولی پیشوی پەرلەماندا بەبزووتنەوەكەیان كرا، هەروەك دەگوترێت كارێكیان بەسەرهێنان "با بەدەواری شڕی نەكردبێت..!". گەر سەرانی گۆڕان لەسەر بنەمای ئەو چەمكە باوەی كە دەڵێت "لەسیاسەتدا دۆست و دوژمنی بەردەوام نیە، تەنها بەرژەوەندی بەردەوام بوونی هەیە" كاربكەن، من لێیان دەپرسم ئایا ئەم بەرژەوەندیانە ئەوە دەهێنێت كە بەها باڵاكانی بزووتنەوەكەتانی بۆ بكەن بەقوربانی..؟ ئایا ئەمە ئەو رێبازەیە كە كاك "نەوشیروان" یادی بەخێر بزووتنەوەكەی بۆ دامەزراند..؟

ئێستاش پێویستە بپرسین ئایا بۆچی یەكێتی سورە لەسەر بەشداری نەكردنی لە كۆبوونەوەكەی پەرلەمان كە دووەم لیستی براوەیە و پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ ئەوە و پۆستی جێگری سەرەك وەزیران و چەندین پۆستی گرنگی دیكەی ئەم كابینە نوێیەش وەك پشكی شایستەی خۆی، بەردەكەوێت؟ دیارە لەلای (ی.ن.ك) كەركوك پێوەری سەرەكی كورد بوون و كوردایەتیە، بۆیە دەستبەرداربوونی كەركوك لەلایەن یەكێتیەوە مەحاڵە، چونكە مامی گەورە وای گۆشكردوون كە "كلیلی چارەسەركردنی مەسەلەی كورد كەركوكە و تەنها كەركوكە و هەر كەركوكیش دەبێت".






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە